راپۆرتێك: ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا زیادی كردووە

:: PM:07:42:06/04/2024 ‌

لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێكە سەركەوتنی سەربازی بەسەر رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا هاتووەتە راگەیاندن و بە بەردەوام ئۆپراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و ئەندامی ئەو رێكخراوە هەیە، راپۆرتێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا و هێرشەكانیان لە دوو مانگی رابردوو رووی لە زیادی كردووە.

بەپێی داتای فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، ژمارەی چەكدارانی داعش لە سووریا و عێراق دەگاتە 2500 چەكدار، واتە دوو ئەوەندەی پێشبینییەكانی كۆتایی كانوونی دووەمی رابردوو، وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ڤۆیس ئۆف ئەمەریكا"، هاتووە، چەند توێژینەوەیەكی نوێ باسی مەترسییەكانی گەشەسەندنەوەی داعش لەو دوو وڵاتە دەكەن، ناوەندی پڕۆژەی نەهێشتنی توندڕۆیی لە راپۆرتێكی لە ماوەی ئەم هەفتەیە روونی كردەوە كە تەنیا لە مانگی رابردوو 69 هێرشی لە سووریا ئەنجام داوە و 84 سەربازی سووری و 44 هاووڵاتیی كوشتووە. 

بیل رۆجیۆ، لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی لە واشنتن دەڵێت، داعش بە بەردەوام پارێزگاری لە تواكانی دەكات، تەنانەت لەدوای لەدەستدانی مووسڵ و رەقە و شوێنەكانی تریش، بۆیە ئەو رێكخراوە لەناو نەچووە، چونكە وەك پێویست گارمان بۆ لەناوبردنی نەكرد، لە ناوچەیەكی وەك سووریا لەگەڵ كێ كار بۆ ئەوە دەكەی و هاوكاری لەگەڵ كێ دەكەیت؟ 

ئەو ماڵپەڕە ئەمەریكییە هۆكارەكەی بۆ نەبوونی هاریكاری و هاوئاهەنگیی پێویست لە دژی داعش گەڕاندەوە، كاتێك ماڵپەڕەكە گوتی، لە سایەی بوونی رووسیا لە سووریا وەك نەیار بۆ ئەمەریكا، هەر   هاوكارییەك لە نێوانیان لە دژی داعش نەماوە، راستە داعش توانای كۆنترۆڵكردنی شارە گەورەكان و گرتنی ئامانجە ستراتیجییەكانی نییە، بەڵام زادبوونی هێرشەكان لە مانگی ئاداری رابردوو دەری دەخات كە شانەكانی ئەو رێكخراوە بەشێكی زۆری بۆشاییە تەناهییەكانیان لە ناوچەكانی ژێر دەستی حكوومەتی سووریا پڕ كردووەتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل