سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكەن

:: PM:09:24:06/04/2024 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە، ئەوان تێڕوانینی هاوبەشیان بۆ تەواوی پرس و بابەتە نیشتمانییەكان و جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتی فیدراڵی لە هەموو بوارەكان هەبوو.

هەردوولا دووپاتیان لە پابەندیی حكوومەتی فیدراڵ بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەپیرەوەچوونی داواكاریی هاووڵاتییان لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردەوە‌، هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتگیریی دامەزراوە فیدراڵییەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا داكۆكی لە گرنگیی پشتگیریی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە هەنگاوەكانی چاكسازیی حكوومەتی فیدراڵ كرایەوە، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی تەواو لە وڵات و تێپەڕاندنی كێشە و بەربەستەكانی بەردەمی لە بواری كارگێڕی و جێبەجێكاریدا.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سوودانیش، لە دیدارەكەدا تاوتوێی تێڕوانینی هاوبەش لە سەرجەم دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەكان و بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كرا لە چەندین بواردا، هەروەها سوودانی دووپاتی لە پەرۆشیی حكوومەت كردەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان لە بەشە جیاوازەكانی عێراق و بەدەستهێنانی یەكگرتن لە ئەدای نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی عێراق.

هەر لە دیدارەكەدا دووپات لە گرنگیی پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی چاكسازیی حكوومەت لەلایەن سەرجەم هێزە نیشتمانی و سیاسییەكان كرایەوە، بە مەبەستی پتەوكردنی ئامانجەكانی حكوومەت و بەردەوامبوون لە چەسپاندنی پەرەپێدانی گشتگیر و تێپەڕاندنی هەموو ئەو بەربەستە كارگێڕی و جێبەجێكارییانەی كە رێگرییان لە باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری و بژێوی و ئابووری دەكرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل