سوودانی: سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

:: PM:10:16:06/04/2024 ‌

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە، بەدەر لەوەی چاوەڕوان دەكرێت كە بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بكات، لەگەڵ سوودانی چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق سووربوونی حكوومەتەكەی لەسەر بەردەوامیی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دووپات كردەوە.

لە میانی قسەكانی بۆ رۆژنامەوانان بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم، سوودانی گوتی، ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی نییە و دەبێتە هۆی مسۆگەریی مووچەی ئەوان كە سەرچاوەی بژێویانە.

سوودانی دووپاتی كردەوە كە سووربوون لەسەر بژێویی هاووڵاتییانی هەرێم و پارێزگاكانی تر ئەركی سەر شانی ئەوانە و لە رێگەی هاریكاری و نەرمینواندنی پێویست لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی هاتە كایەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە، دۆسییەكانیتریش گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لەوانە هەناردەكردنەوەی نەوت و گۆڕانكارییەكانی بودجە و گرێبەستەكان و پێداچوونەوەی گشتی، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی سێ ساڵیدا هاتووە، بە گیانێكی بەرپرسیارانە تاوتوێمان كردن، ئاشكرای كرد كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە و مێوانداریی سەرۆكی هەرێمی تیادا دەكرێت.   

شایەنی باسە بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی هەرێم، بەرنامەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەخۆ دەگرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل