حاكم رزگار حەمەدئەمین: دادگای باڵای ئیتحادی نادەستوورییە

:: PM:10:32:06/04/2024 ‌

 

حاكم رزگار حەمەدئەمین كە دەستەبژێری كەسایەتییە یاساییەكانی عێراقە رای گەیاند، پاشەكشێ هەیە لە عێراقدا بەرانبەر سیستمی فیدراڵی و دەسەڵاتی سیاسیی عێراق باوەڕی بە دەستوور نییە، دووپاتیشی كردەوە كە دادگای باڵای ئیتحادی نادەستوورییە. 

ئەمڕۆ شەشی نیسانی 2024، لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندیی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی "دەستوور و دادگای باڵای فیدراڵی" بۆ حاکم رزگار بەڕێوەچوو، لە بەشێك لە قسەكانیدا حاكم رزگار گوتی، لە دەوڵەتی دەستووریدا پێویستە دادگای دەستووری "فیدراڵی" بوونی هەبێت، کە گەرەنتی پاراستنی ماف و ئازادییەکان دەکات و پارێزەرە بۆ کەمینەکان.

سەبارەت بەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیە و پێی دەگوترێت دادگای باڵای ئیتیحادی، حاكم رزگار پێی وابوو ئەو دادگایەی ئێستە نادەستوورییە چونکە؛ بە یاسایەک دانراوە کە رەتکراوەتەوە یاساکە، بۆیە خەڵک نابێت ئەم قسەیەی پێ ناخۆش بێت من لە ڕووی یاساییەوە قسە دەکەم ئەگەرنا پێویستە پشتگیری لە دادگای فیدراڵی بکەین، بەڵام نەک دادگایەک کە بە یاسایەکی نادەستووری کار دەکات، چونکە ئەو دادگایە بە یاسای ئیدارەی دەوڵەت دروستکراوە کە هێشتا دەستوور دەرنەچووە، یاسای ئیدارەی دەوڵەتیش دوای دەستوور رەتکراوەتەوە.

سەبارەت بە سیستمی فیدراڵیش لە عێراقدا حاکم رزگار ئاماژەی دا،  پاشەکشێ هەیە لە عێراقدا بەرانبەر سیستمی فیدراڵی و دەسەڵاتی سیاسیی عێراق باوەڕی بە دەستوور نییە.

لە بەشێكی تری قسەکانیدا حاکم رزگار دووپاتی لەوە کردەوە، عێراق پێویستی زۆری بە دادگای دەستووری هەیە و دەبێت کوردیش لە ئەگەری هەموارکردن و دانانی یاسایەک بۆ دادگای فیدراڵی، هەوڵی ئەوە بدات قەوارەی هەرێم لە رێگەی ئەو دادگایەوە بپارێزێت. گوتیشی: کاتی خۆشی نامەم بۆ بەرپرسانی هەرێم نووسی و پێم گوتن یان مەچنە ناو دادگای فیدراڵی یان بە بەهێزی بچن.

 



وشە - پۆڵا مەحموود