"هەموو بانكەكانی ناو هەژماری من لەلایەن بانكی ناوەندییەوە ددانپێدانراون"

:: PM:05:50:07/04/2024 ‌

یەكێك لە دەستكەوتە گەورەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەڵك، كە لە هەموو رووەكانی بە پێشكەوتن و بازدان و چوونە ناو قۆناغێكی پێشكەوتووی سیستمی بانكی و خومەتكردنی خەڵك تا دەگاتە دەرخستنی عەقڵی كورد و فەرمانڕەوایی و جیاوازی لەوەی عێراق دادەنرێت، پڕۆژەی "هەژماری من"ە، كە تا ئێستە دەیان هەزار فەرمانبەر هەژماری بانكیان بۆ كراوەتەوە و چاوەڕی دەكرێت لە كۆتای ئەمساڵ تەواو بێت.

سەباح حەسەن، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە دەكات كە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران بەشداری تیادا دەكەن و روویان تێی كردووە، زیاتر لە 150 هەزار مامەڵەی فەرمانبەران تەواو بووە و پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی بە تەواوی پڕۆژەكە بهێنرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەی "هەژماری من" رەزامەندیی بانكی ناوەندیی عێراقی هەیە و چەند بانكێكی فیدراڵ تیایدا بەشدارن، كە هەموو ئەو بانكانە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە ددانیان پێدا نراوە، ئەو پڕۆژە چەندان تایبەتمەندی بۆ فەرمانبەران دابین دەكات لەوانە پێدانی قەرز پێیان، لەگەڵ كۆتاهاتنی مامەڵەی فەرمانبەران و كردنەوەی حیسابی بانكی بۆیان، مووچەیان لەو رێگایە خەرج دەكرێت.

هەفتەی رابردوو هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی "فەتح" گوتی، دادگای فیدراڵی باسی بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق كردووە، سەبارەت بە بەجێكردنی مووچەكە كە مەرجە لە بانكە حكوومەتییەكانی عێراق بێت، دووپاتی كردەوە، نەخێر وا نییە، بەجێكردن لە بانكە تایبەتەكانیش دەبێت، كاتێك هەموو بانكە تایبەتەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە ژێر رەزامەندیی بانكی ناوەندیی عێراق كار دەكەن، دادگای فیدراڵی باسی بەجێكردنی مووچە و مسۆگەری گەیشتنی بە هاووڵاتییانی كوردی كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل