هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی توركیا دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:06:07:07/04/2024 ‌

تا ئێستە هۆكاری سەرەكیی دەست پێ نەكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە رێگەی توركیا دیار نییە، جیا لەوە ئاخۆ عێراق چاوەڕێی چی دەكات و چەند رژدە لە چارەسەركردنی بەربەستەكان؟، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەیە بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە رێككەوتنێك هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لە رێگەی بۆری كەركووك- مووسڵ- جەیهان، بەپێی رێككەوتنەكە هەناردن لە 10ی ئەم مانگە وەك تاقیكردنەوە دەست پێ بكات، ئەگەر هات و هیچ كێشەیەكی تەكنیكی نەبوو، هەناردن لە یەكی ئایاری داهاتوو بەپێی رێككەوتنی عێراق و توركیا دەست پێ دەكاتەوە. 

پێشتر گۆڤەند شێروانی، شارەزای بواری نەوت دووپاتی كردبووەوە كە دوای تێپەڕبوونی 11 مانگ بەسەر وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم، زیانی دارایی ئەو وەستانە گەیشتووەتە نۆ ملیار دۆلار، كە 20%ی كورتهێنانی بودجەی عێراق پڕ دەكاتەوە، جیا لە توركیا، كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم تووشی زیان بووبوون، بەوەی لەكاتی دەست پێكردنەوەی هەناردن پێویستیان بە پارەی زیاتر هەیە بۆ چاككردن و شیاندنەوەی كێڵگەكان بۆ كاركردنیان بە هەمان توانای پێشوو. 

شایەنی باسە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئاداری 2023 هاتە وەستان، دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، كە جیا لە وەستانی هەناردن، سزای دارایی بەسەر توركیا سەپاند، بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن تا ئێستە چەند گەڕێكی گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر و كۆمپانیا نەوتییەكان بەڕێوە چووە، بەڵام پێ دەچێت جیا لە هۆكاری تەكنیكی و یاسایی وەك باس دەكرێت، هۆكاری سیاسیش لە پشت ئەو وەستانە بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل