"پارتی هەمیشە لە سیاسەتدا سەركەوتووە و هاوكێشەكانی لە بەرژەوەندیی كوردستان یەكلا كردووەتەوە"

:: PM:09:29:07/04/2024 ‌

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی ئاماژە دەكات كە دەركەوت بەغدا تەنیا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ مەسروور بارزانی و حكوومەتی هەرێم دەكات، حزب و لایەنەكانی تر تەنیا بۆ چەواشە و موزایەدە دەچوونە بەغدا و هیچ سوود و خێرێكیان بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی نەبوو بۆیە هەر پارتییە كێشەكانی كوردی چارەسەر كردووە و هەمیشە لە سیاسەتدا سەركەوتوو بووە و تەواوی هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی پارتی و كوردستان یەكلا بوونەتەوە.

لەمبارەیەوە د. نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دەركەوت كە بەغدا تەنیا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ مەسروور بارزانی و حكوومەتی هەرێم دەكات، حزب و لایەنەكانی تر تەنیا بۆ چەواشە و موزایەدە دەچوونە بەغدا و هیچ سوود و خێرێكیان بۆ كوردستان نەبوو.

روونی كردەوە، مێژووی پارتی و ئیرادەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد، ئەوە دەردەخات كە هەرگیز چۆك دانادەن بۆ دوژمن، هەرگیز لە ماف و شایستەی خەڵكی كوردستان خۆش نەبوون و هەر پارتیشە كە گرفتەكانی كوردی چارەسەر كردووە، لە مێژووی خەباتی خۆیدا پارتی هەمیشە لەگەڵ خەڵك و خودا و نیشتماندا راستگۆ و سەرڕاست بووە و لەپێناو نیشتماندا كار و سیاسەتیان كردووە، بۆیە هەمیشە لە سیاسەتدا سەركەوتوو بووە و تەواوی هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی پارتی و كوردستان یەكلا بوونەتەوە.

"لەم سەركەوتنە دیپلۆماسی و مەزنەی مەسروور بارزانیدا، هەموو لایەنەكان زۆر بەشێوەیەكی ناشیرین و پۆپۆلیستانە كەوتنە قسە و پڕوپاگەندە و هەڵمەتی راگەیاندنی ناڕاست، بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتەی لەسەر دەستی ئەو بەدەست هاتووە، خۆیانی بكەن بە خاوەنی و بە خەڵكی كوردستانی بفرۆشنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستان لەوە هۆشیارترن كە بەو قسانە چەواشە ببن و بە دەستكەوتی ئەوانی بزانن، چونكە هەموو دنیا دەزانێ كە مەسروور بارزانی بوو كە لەم تەنگژە كوردستانی پاراست"، د. نەزاكەت حەمەسەعید وای گوت.

شایەنی باسە دوای چەندین ساڵ لە بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن حكوومەتی عێراق و دواخستنی مووچە لەلایەن بەغداوە، دواجار لەسەر دەستی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆتایی بەو كێشە هات و دۆسیەی مووچەی لەگەڵ عێراق یەكلا كردەوە، ئێستەش بەدەر لەوەی لەم مانگە دوو مووچە دابەش كراوە، بڕیارە مووچەكانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێم بە هاوشێوەی عێراق لەكاتی خۆی هەموو مانگێك خەرج بكرێت.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل