باڵوێزی ئەمەریكا: پێوەندیی بەهێزی بەغدا و هەولێر ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری پتەو دەكات

:: PM:11:19:07/04/2024 ‌

جارێكی تر پارتی لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق سەنگ و بەهێزی خۆی پێشان دا، ئەو بە پێداگری بەرانبەر بە بڕیارە سیاسییەكانی دادگای فیدراڵی، توانی هەڵوێستی بەغدا نەرم بكات و كێشەی مووچە چارەسەر بكات، كێشەی هەڵبژاردنیش خەریكە چارەسەر دەبێت، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دووپات لە گرنگیی بەهێزیی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا دەكاتەوە.

دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەوە، ئەم ئێوارەیە رۆمانۆوسكی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم باسی ئەوەمان كرد كە چۆن دەكرێ پێوەندیی بەهێزی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسایش و سەقامگیری و ئابووریی بەهێز بۆ هەمووان فەراهەم بكات. 

باڵوێزی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیودەر پێگە و نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ بەهێز دەكات، ئەو دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر بۆ هەموو رۆڵەكانی گەلی عێراق بەرهەمدار بێت، لەوانەش بۆ هەرێمی كوردستان.  

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ خاتوو ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆبووەوە و بیروڕایان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، لە ژێر رۆشنایی رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان گۆڕییەوە.

وەك لە هەواڵێكی سەرۆكایەتیی هەرێم هاتووە، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی وڵات كردەوە، هەروەها لەسەر پێویستیی هاریكاری و هاوئاهەنگیی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و بەردەوامی هەوڵ و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان هاوڕا بوون.

دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، كە تیایدا باس لە بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ واشنتن كرا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل