ئەو قسانەی لەبارەی وەرگرتنی سێ مووچەی ساڵی رابردوو دەكرێن ڕاست نین

:: AM:10:46:08/04/2024 ‌
ئەو نووسراوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بوونەتەوە لەبارەی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی وا نییە، خەرجكردنی ئەو مووچانە چارەنووسیان نادیارە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەوڵی وەرگرتنی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو بڵاو كراونەتەوە، ئەوەش دڵخۆشیی خەڵكی زیاتر كردووە، بەڵام تا ئێستە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نەكردووە.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تر داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە چارەنووسی ئەو سێ مووچەیە یەكلا بكاتەوە، بەڵام وەڵامی حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە ئەو سێ مووچەیە بەئەركی خۆیان نازانن.

رۆژی چوارشەم سێی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

لای خۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   



وشە - سۆران عەزیز