سەرووی 797 ملیۆن دینار بۆ ژمارەیەك پرۆژەی پارێزگای دهۆك خەرج دەكرێت

:: PM:04:31:08/04/2024 ‌
لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 797 ملیۆن و 332 هەزار و 750  دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك.

بەپێی ئەو لیستەی کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی کردووەتەوە خەرجكردنی گوژمەی 406 ملیۆن و 588 هەزار دینار لەسەر ڕێژەی کۆی داهاتی فرۆشتنی زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی شەقام لە كەرتی 10ی دلب بۆ قۆناغی دووەم تەرخان دەکرێت.

هەروەها 230 ملیۆن و 837 هەزار دینار لەسەر ڕێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سێمێل بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە گەڕەكی شەهیدان لە سێمێل خەرج دەکرێت.
بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە گەڕەكی شەهیدان لە سێمێل خەرج دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە  گوژمەی 29 ملیۆن و 53 هەزار دینار لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سەرسنك بەمەبەستی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە گەڕەكی 11ی ئادار لە سەرسنك خەرج دەکرێت.

130  ملیۆن و 854 هەزار دیناری تر کە سەرجەمی داهاتی فرۆشتنی زەوییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی مسیریكێ بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی شەقام لە سنووری شارەوانییەكەدا خەرج دەکرێت.

پێویستە بگوترێت کۆی ئەو گوژمانە دەگاتە سەرووی 797 ملیۆن دینار کە بەگوێرەی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهاتەكان بۆ جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەو پرۆژانە خەرج دەكرێن، پرۆژەكان كاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكانی سنووری شاری دهۆك و پارێزگەی دهۆك دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان