یۆنان 108 فڕۆکەی جەنگی دەفرۆشێت بە ئۆکراینا

:: PM:05:01:08/04/2024 ‌
یۆنان بڕیاری داوە 108 فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکراینا بفرۆشێت، فڕۆکە جەنگییەکان جۆراوجۆر دەبن و لە نێوانیاندا 32 فڕۆکەی F16ی تێدایە. 

ئەمڕۆ هەشتی نیسان پێگه‌ی ''ڤیسیگراد'' ئاشکرای کرد، یۆنان بڕیاری داوە 108 فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکراینا بفرۆشێت و فڕۆکەکانیش جۆراوجۆرن، کاروانەکە 32 فڕۆکەی جەنگی F16 لەخۆ دەگرێت و 30 فڕۆکەی تریان لە جۆری ''D Block'' دەبێت. 

لە ماوەی ڕابردوو ئۆکراینا داوای فڕۆکەی F16ی لە هاوپەیمانەکانی کردبوو، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانی ڕووسیا، هیچ کام لە وڵاتانی ئەوروپا نەیانویستووە فڕۆکەی ئاسمانی بدەنە کیێڤ، ئێستە یۆنان ئامادەباشی نیشانداوە فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکراینا بفرۆشێت. 

دوو ساڵە شەڕی ئۆکراینا درێژەی هەیە، لە شوباتی 2022 ڕووسیا لەشکرکێشییەکی بەرفراوانی بۆ سەر خاکی ئۆکراینا دەست پێ کرد و سوپای ئەو وڵاتە توانیویەتی تا ئێستە سێ لە دیارترین هەرێمەکانی ئۆکراینا لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە داگیر بکات، ئێستە وڵاتانی ئەوروپا هاوکاری زیاتر ڕەوانەی ئۆکراینا دەکەن و بەمەیش تا دێت مەترسیی ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەندامانی ناتۆ و مۆسکۆ لە هەڵکشاندایە.


وشە - ئارا هێمن