كەشوهەوای یەكەم رۆژی جەژن بڵاو كرایەوە

:: AM:10:57:09/04/2024 ‌
كەشناسیی هەرێمی كوردستان، پێشبینیی خۆی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو كردووەتەوە، یەكەم رۆژی جەژن باران دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی نیسان، كەشناسیی هەرێمی كوردستان پێشبینیی خۆی بڵاو كردووەتەوە، بۆ ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێ دەكات، هەورەتریشقەشی لەگەڵدا دەبێت و هەموو ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.

ئاماژە بەوەیش كراوە، لەگەڵ بارینی باران، پێشبینی دەكرێ خێرایی با زیاد بكات بەتایبەتی لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی هەرێم، لە هەندێ ناوچەی دەشتی هەولێر (قوشتەپە و دیبەگە) و هەندێ ناوچەی ڕۆژئاوای سلێمانی (بازیان و چەمچەماڵ)، ئیدارەی ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە و دەوروبەری، ئەگەری بارانی بەلێزمە هەیە. 

بۆ سبەی یەكەم رۆژی جەژن كەشناسی پێشبینیی كردووە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا بارانبارین و هەورەتریشقە لە ناوچە شاخاوییەكان و پارێزگای سلێمانی دەبێت، پاشان سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، هەروەها پلەكانی گەرمی نزم دەبێتەوە بە(3 - 5) پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆماركراوی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 23 
سلێمانی : 22
دهۆك : 21
كەركووك : 25
هەڵەبجە : 22
زاخۆ : 22
سۆران : 17
حاجی ئۆمەران : 10
گەرمیان : 27



وشە - رامیار جەواد