ئەمساڵ 10 ملیار دینار زەكات لە كوردستان هەبووە

:: AM:11:40:09/04/2024 ‌
مەلا عەبدوڵا شێركاوەیی دەڵێت، بەپێی خەمڵاندن ساڵانە پتر لە 10 ملیار دینار زەكاتی سەرفیترە و فیدیە لە كوردستاندا هەیە، بەو پێیەی ئەگەر كوردستان شەش ملیۆن كەس بێت.

مەلا عەبدوڵا شێركاوەیی كەسایەتیی دیاری ئاینی و گوتەبێژی یەكێتیی زانایان، لە بابەتێكیدا بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێت، بەپێی لێكدانەوەی زانستی پتر لە 350 جار وشەی ئیش- كار- كردەوە (العمل) و لێوەرگیراوەكانی لە قورئان هاتووە، كە ئەمە ئەوپەڕی بایەخدانی ئیسلامە بە كار و كاركردن، بۆ ئەوەی تاك چی و چۆن لە دەستی دێت كار بكات و كردەوە و بەرهەمی هەبێت، ئەمە ئاماژەیە بەوەی ئەسڵ لە ئیسلام هەوڵ و كۆشش و كاركردنە، بەڵام ئەوەی بەهەر هۆكار و بیانوویەكەوە ناتوانێ ئیش بكات و تەنانەت بژێوی ژیانیشی وەك پێویست پێ دابین ناكرێ، ئەوە ئەركی یارمەتیدانی دەكەوێتە سەر دەوڵەمەند و خواپێداوان.

باسی لەوەش كردووە، ئێستە بەپێی خەمڵاندن ساڵانە پتر لە 10 ملیار دینار زەكاتی سەرفیترە و فیدیە لە كوردستاندا هەیە، بەو پێیەی ئەگەر كوردستان شەش ملیۆن كەس بێت، لەناو ئەم رێژەیە 95%ی مسوڵمانە، لای كەمی وەربگرین دەكاتە چوار ملیۆن كەس كە ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان سەرفیترە دەدات، ئەمساڵ بۆ هەر نەفەرێك (دوو هەزار و 500 دینار) دیاری كراوە، كەواتە چوار ملیۆن لە دوو هەزار و 500 لێكدانی بۆ بكەین، دەكاتە 10 ملیار دینار، ئەمە وێڕای سەتان ملیار دینار زەكاتی پارە و زێڕ و زیو و بابەتەكانی تر، كەچی لە ئاست ئەو بڕە پارە زەبەلاحە، كەمتر هەست بە گۆڕانكاری دۆخی هەژاران دەكرێت.

لەبارەی كەمیی كاریگەریی شێركاوەیی دەڵێت، ئەمە بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ:

یەكەم: نەبوونی هۆشیاریی پێویست لە بارەی زەكات لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام و مەبەستە گرنگەكانی زەكاتدان لە بووژاندنەوەی ئابووری و گەشەی كۆمەڵایەتی و باشكردنی دارایی خەڵك، بەداخەوە خەڵكی وا هەیە رەنگە ملیۆنێك دینار زەكات بداتە 30 كەس، كە كەسیان سوود لەو بڕە پارە كەمە نابینن بۆ تێپەڕاندنی قەیران یان دۆخی هەژاری خۆیان.

دووەم: نەبوونی سندووقی زەكات و لیژنەیەكی پاك و نموونەیی، بۆ سەرپەرشتی و كۆكردنەوەی داهاتی زەكات و بەشینەوەی بەسەر هەژاران، بە سیستم و شێوەیەكی رێكوپێك و لە ئاست خواست و مەبەستە باڵاكانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، بۆ ئەوەی لانی كەم ساڵانە 500 تا هەزار ماڵی كەمدەرامەت لە نەداری و هەژاری رزگار بكرێن.




وشە - رامیار جەواد