پێشبینی هاتنی زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەكان دەكرێت

:: PM:05:01:09/04/2024 ‌

دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان، پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی جەژن و دوای ئەوەش لە وەرزی بەهار، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار و سەردانیكار روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەرانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژ بەناوی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم گوتی، دەستەكەیان رێوشوێنی ئامادەسازی و رێگر لە سوودەوەرگرتنی هەندێك لە رۆژانی جەژن بۆ بەرزكردنەوەی نرخی مانەوەی هوتێل و نرخی خواردن لە چێشتخانەكان و لە ناوچە گەشتیارییەكان وەرگرتووە.  

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 250 هەزار بۆ نیو ملیۆن گەشتیار بێنە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە كەشوهەوایەكی بەهاری و رۆژانی جەژن، بۆیە بە مەبەستی رێكخستنی كارەكان هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە تەناهییەكان كراوە بۆ ئاسانكردنی هاتنی ئەو ژمارەیە بێ هیچ كێشەیەك و دابینكردنی هەموو ئامرازێكی حەسانەوە بۆیان. 

شایەنی باسە هەرێمی كوردستان چاوی لە هاتنی زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار و سەردانیكارە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بۆ ناوچە گەشتیارییەكان لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، بەتایبەتی كە كەوتووەتە ناو كەشوهەوای بەهاری، ئەوەش لەناو ئامادەسازی بۆ پێشوازیكردن لە سەتان هەزار گەشتیار و سەردانیكار لە ماوەی ئەمساڵدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل