عێراق لەبارەی هەناردنەوەی نەوت لە رێگەی توركیا بە نیازی چییە؟

:: PM:12:47:10/04/2024 ‌

لەوكاتەی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم ساڵێكی تێپەڕاند و تا ئێستە دیار نییە بۆچی وەستاوە و كەی دەست بە هەناردنەوەی دەكرێت؟، راپۆرتێك تیشك دەخاتە سەر هەوڵەكانی بەغدا بۆ بەكارخستنەوەی بۆری كۆنی نەوت لە نێوان كەركووك و توركیا، كە رەنگە سەرەتای ئاڵۆزییەكی نوێی پێوەندییەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان بێت.

عێراق دەیەوێ بۆری كۆنی نەوتی نێوان كەركووك و توركیا چاك بكاتەوە و بتوانێت لەو رێگایەوە تا كۆتایی ئەم مانگە رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت بۆ توركیا و بازاڕەكانی دنیا هەناردە بكات، لە هەنگاوێك دەبێتە مایەی توڕەیی حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن. 

بەكارخستنەوەی بۆرییەكە كە چەند دەیە ساڵێكە داخراوە، بە كردنەوەی دەبێتە دەروازەیەكی تری ركابەر بۆ بۆری نەوتی هەرێم- توركیا، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەستاوە و تا ئێستە گفتوگۆكانی بەكارخستنەوەی سەری نەگرتووە.

باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنان دەڵێت، كاری چاككردنەوەی بۆرییەكە بەردەوامە و وێستگەی پاڵنانی نەوتەكەمان چاك كردووەتەوە، رەنگە تا كۆتایی ئەم مانگە بۆرییەكە چاك بكرێتەوە و بۆ رەوانەكردنی نەوت ئامادە بێت.

بەپێی سەرچاوەكان رەوانەكردنی تاقیكاریی نەوت لە رێگەی بۆرییەكەوە لە هەفتەی رابردوو دەستی پێ كردووە، بۆ پشكنینی ئەو بەشەی بەناو خاكی عێراق تێپەڕ دەبێت، لە چەند شوێنێك لێچوون هەبووە، بۆیە ئەوان چاك كراونەتەوە و بۆرییەكە لە كەركووكەوە بەرەو سەڵاحەدین و مووسڵ و سنووری توركیا دەچێت، بەپێی سەرچاوەكان رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی بۆرییەكە لە 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵ درێژ كراوەتەوە و لە ناوەڕاستی ساڵی 2025 كۆتایی دێت، دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لە رێگەی ئەو بۆریە لە گفتوگۆكانی درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە لە نێوان هەردوو وڵات باسی دەكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل