ئێران میلیشیایەكی نوێ لە دژی هەسەدە دروست دەكات

:: PM:01:35:10/04/2024 ‌

دوای بێئومێدبوونی سوورییەكان لە گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایەتیی وڵاتەكەیان، ئێستە ئاڵۆزییەكانی سووریا بووەتە ململانێی دەسەڵات لە نێوان هێزە كاریگەرەكانی لەسەر گۆڕەپان و نەخشەی ئەو وڵاتە، ئێران لە دروستكردنی میلیشیاكان و بەكارهێنانی ئەندامانی عەرەب و پاكستانی و ئەفغانستانی و هیتریش بە سەرپەرشتیی ئەفسەرانی سوپای پاسداران بەردەوامە، بەم دواییە میلیشیایەكی نوێی لە هۆزە عەرەبییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەسەدە پێك هێناوە.

ئەو میلیشیایە چەند رۆژێكە لە ناوچەی ئەلبووكەمال لە پاریزگای دیر زوور بەناوی "سوپای هۆزەكان" بە سەرۆكایەتیی كەسێك بەناوی "زازا"، كە خەڵكی شارەدێی سوسەی رۆژهەڵاتی دێر زوورە پێك هاتووە، ئەركی ئەوان هێرشكردنە سەر هێزەكانی هەسەدەیە لە ناوچەی باكوری رووباری فورات، كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هاوپەیمانان و میلیشیاكانی ئێران لێك جیا دەكاتەوە. 

بەپێی راپۆرتەكان ژمارەی ئێستەی ئەو میلیشیایە 30 كەسە، بەڵام دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ راكێشانی ژمارەیەكی زۆری چەكداری هۆزەكان، ئەوان بارەگایان نییە و ئەندامانی مانگانە مووچەی تا 500 هەزار لیرەی سووری (30 دۆلار)، لە سوپای پاسداران وەردەگرن، هەر هێرشێكیش ئەنجام بدەن پاداشتیان دەبێت، بۆ ئەوەش نووسراوی چەكهەڵگرتنیان بۆ كراوە. 

فیراس عەلاوی، بەڕێوەبەری ناوەندی "شەرق نیوز" دەڵێت، چەند هۆكارێك لەپشت دامەزراندنی ئەو میلیشیایانەن لە دێر زوور، لەوانە پێویستیی سوپای پاسداران بە ئەندامی ناوخۆیی ناوچەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری خاك و راكێشانی پاڵپشتیی خەڵكی ناوچەكە بە ناوی هۆزەكانەوە، دۆخی ناوچەكە لە نێوان ئێران و ئەمەریكا پەرە دەستێنێت، بۆیە ئێران دەیەوێ لە رێگەی میلیشیاكانەوە كۆنترۆڵی پارێزگاكە بكات و رووبەڕووبووی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ببێتەوە.

ئێستە میلیشیاكانی ئێران كۆنترۆڵی باشووری دێر زوور دەكەن، كە سەنتەری دێر زوور و هەردوو شاری مەیادین و ئەلبوكەمالی سنووری لەخۆ گرتووە، ئێستە لە دێر زوور چەند میلشیایەكی هۆزەكانی سووریا سەر بە ئێران هەن، لەوانە "فەوجەكانی هۆزی هاشمی" كە شێخ نەواف راغب بەشیر سەرۆكایەتی دەكات و بە پیاوی ئێران دادەنرێت، میلیشیایەكی تریشی هەیە بە ناوی "شێری هۆزەكان"، ئەویش سەر بە ئێرانە و هەوڵ دەدەن كۆنترۆڵی دێر زوور بكەن، كە بە نەوت دەوڵەمەندە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل