گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد

:: PM:05:28:10/04/2024 ‌
گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، جەژنی ڕەمەزانیان كردە دەرفەت و بۆ گەشتەكانیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

محەممەد جابر كارمەندی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە و لەو ڕێگەیە كار دەكات گوتی، ساڵانە 15-20 جار گەشتیار بۆ كوردستان دەهێنم، مامەڵەی هێزەكانی ئاسایش زۆر گونجاوە و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین.

لە بۆنە گرنگەكاندا، حكومەتی هەرێم، پلانی تەناهی و هاتوچۆ و گەشتیاری دادەنێت و لە ناوچە جیاجیاكاندا جێبەجێی دەكات.

ئەنوەر ساحەب گەشتیارێكە و بە خێزانەوە هاتوون گوتی، سوپاس بۆ خوا جەژنان دێینە هەرێمی كوردستان، ڕێگە و بان و ئاسایش باشە و مامەڵەی خەڵكی هەرێم دۆستانەیە لەم گەشتەماندا لە شەقڵاوە دەمێنینەوە.

بەپێی داتاكانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2023، سێ هەزار و سەد شوێن هەبوون كە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشكەش دەكەن كە بنكەی گەشتیاری، هۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، كافەتریا، خۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەكانی دیكە دەگرێتەوە.

هەزار و 75 شوێنی مانەوەی گەشتیاران هەن كە بریتین لە 625  هۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیكەی 800 ڕێستۆرانت و كافەتریای گەشتیاری و سەدان كەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەكان.

زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار گەشتیار لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2024 هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد