دوو مووچە و جەژنێكی ئارام دڵی هەمووانی خۆش كرد

:: PM:05:46:10/04/2024 ‌
پەرلەمانتارێكی كوردستان رای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كردی، دڵی هەمووانی خۆشكرد و هاووڵاتییانیش جەژنێكی ئارام و پڕ كەیف و تێریان بەڕێ كرد.

رۆژی چوارشەم 3/4/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

ئەمڕۆ چوارشەمم 10ی نیسان، جیهاد حەسەن ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دەستبەكاربوونی داوای چارەسەی كێشەكانی هەرێم و بەغدای دەكرد لە چوارچێوەی دەستوور و چەندینجاریش نیازپاكی حكوومەت بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نیشانداوە.

زیاتر گوتی، زۆر هەوڵیدا حزب بۆ موزایەدە و چەواشەكاریی دەستوەردان لە كارەكانی حكوومەت نەكەن، بەڵام ئەوەی گرنگ و پێویستبوو و خەڵكیش چاوەڕێیان دەكرد، حكوومەتی هەرێم بۆ فەرمانبەرانی كرد و بەو رێككەوتنە هەمووانی دڵخۆشكرد و هاووڵاتییانیش بۆ جەژن هەموو ئامادەكارییەكیان كرد و جەژنێكی ئارام و خۆش و تێریان بەڕێ كرا.

باسی لەوەش كرد، چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەمیشە پێشینەی كارەكانی حكوومەت بووە، بەغدا بە شێوەیەكی خراپ و سیاسەتێكی خراپ مامەڵەی لەگەڵ هەرێم و مووچەی فەرمانبەران دەكرد و گرفتی دروست دەكرد و مووچەی دوادەخست، بەو رێككەوتنە كۆتایی بەو ستەم هێنراوە و چیتر گرفتی مووچە روونادات.

لای خۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   
كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  

لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.


وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد