ئومێد خۆشناو: ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بڕی باران بكرێت

:: PM:09:20:10/04/2024 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لە ڕێی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكەوە مەترسی لافاویان لەسەر شارەكە كەم كردووەتەوە، بەهۆی بارانی بەهارەشەوە ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بڕی باران بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی نیسان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، بە هۆی كاریگەری گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بارانی بەهارەوە، ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بڕی باران بكرێت، هەروەها بە پێی پێشبینی كەشوهەوا نەدەبوو ئەو بارانە ببارییایە كە (ئەمشەو) باری.

زیاتر گوتی، دوێنێش شەویش زیاتر لە 37 ملیم باران بارانباری، كەچی پێشبینی 12 ملیم هەبوو، هەروەها ئەو پرۆژانەی وەك دروستكردنی ئاوەڕۆ و پۆندەكان و كردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەكان ئەنجام دراون، كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی مەترسی لافاو لەسەر هەولێر هەبووە.

خۆشناو زیاتر روونی كردەوە، لە 17/12/2021 بە دوو سەعات و 10 خولەك، 17 ملیم بارانباری و 10 كەس گیانیان لە دەست دا، بەڵام دوێنێ شەو 37 ملیم باری و هیچ ڕووداوێكی نەخوازراوی لێ نەكەوتەوە.




وشە - رامیار جەواد