بەهۆی ئەگەری جەنگ بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی دنیا بۆ تاران وەستێنران

:: AM:11:08:11/04/2024 ‌
دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی زۆربوونی ئەگەری جەنگێکی نوێ ئاڵۆزتر بووە و نیشانەکانی ئەو جەنگەش خەریکە زیاتر دەردەکەون، لە شەوی رابردووەوە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تاران وەستاندووە.

بلوومبێرگ بڵاوی کردەوە کە زانیارییە هەواڵگرییەکان سەلماندوویانە ئەگەری هێرشی ئێران  و تۆڵەسەندنەوە زۆرە و پێشبینی دەکرێ وەڵامدانەوەکە بە مووشەک یان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بێت.

مەترسییەکان لە شەوەوە زۆر بوون و بۆیەش ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییە ئاسمانییانەی هاتوچۆی ئێران دەکەن خەریکە پێداچوونەوە بە گەشتەکانیاندا دەکەن.

یۆرۆنیوز بڵاوی کردەوە کۆمپانیای لۆفتهانزای ئەڵمانی بەهۆی دۆخی تایبەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرجەم گەشتەکانی خۆی بۆ تاران وەستاندووە. پێشتر هەموو رۆژێک گەشتێکی ئاسمانی لە تارانەوە بۆ ئەڵمانیا و بە پێچەوانە دەکرا بەڵام ئەمڕۆ هیچ گەشتێک نەکراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم ئاژانسی مێهرنیوز لە زاری وەزارەتی بەرگریی ئێران رای گەیاند تەواوی سنوورە ئاسمانییەکانی ئێران بەهۆی مانۆڕی سەربازی داخراون بەڵام دواتر ئەو هەواڵە بەدرۆ خرایەوە و ئاژانسەکە هەواڵەکەی سڕیەوە.

باس لەوە دەکرێ جگە لە کۆمپانیاکەی ئەڵمانیا هەندێک کۆمپانیای تریش گەشتەکانیان بۆ ئێران راگرتووە
باس لەوە دەکرێ جگە لە کۆمپانیاکەی ئەڵمانیا هەندێک کۆمپانیای تریش گەشتەکانیان بۆ ئێران راگرتووە هەرچەندە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، فڵای دوبەی، پێگاسۆس و قەتەر ئێروێز لە گەشتەکانیان بەردەوامن.

گرژییەکان بە تایبەتی دوای ئەوە پەرەیان سەند کە لە سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل لە سووریا کونسوڵگەی ئێرانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت کەسی کوشت کە سێیان لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوون.

بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کردووە و دواین هەڕەشە دوێنێ چوارشەم لە لایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کرا کە گوتی وەڵام دەدەنەوە و لە بەرانبەردا ئەمەریکاش پاڵپشتیی خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاندووە.


وشە - سلێمان تاشان