لەگەل بارینی باران ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە سیدەکان لێل دەبێت ئەوەش بەهۆی نەبوونی فلتەر و تێکەڵبوونی بەشێک لە ئاوی ڕووبار بە سەرچاوەی ئاوەکە بەڵام خەریکە چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 10ی نیسانی 2024 ، قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتی تۆڕی ئاوی سیدەکان و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی تەندروستی و گلەیی هاوبەشەکان لە پێشوودا بە نووسراو داواکارییان بەرزکردووەتەوە.
ئەو روونی کردەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر بوجەی ئیدارەی سۆران نزیکەی 20 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە بە مەبەستی فلتەرکردن و زیادکردنی ئاو بۆ ناو سەرچاوەی تۆڕی ئاوی سیدەکان و بۆیەش لە ئایندەیەکی نزیکدا کارکردن تێیدا دەست پێ دەکات.
نزیکەی 20 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە
پڕۆژەی تۆڕی ئاوی سیدەکان لە بناری چیای بەربزین بۆ سەنتەری سیدەکان ڕاکێشراوە و پڕۆژەکە سالی 2007 جێبەجێ کراوە .
سیدەکان دەکەوێتە سێگۆشەی وڵاتانی ئێران و تورکیا و هەرێمی کوردستان و لە 16ی تشرینی یەکەمی 2022 بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کرا بە پێنجەمین شارۆکە ''قەزا''ی ئیدارەی سۆران .
سیدەکان / سدقی کویستانی