سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا گەیشتە ئیسرائیل

:: PM:05:45:11/04/2024 ‌
تا دێت ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش جەنەڕاڵ مایکل کوریلا سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل، ئەمەیش دوای ئەوەی بایدن بەڵێنی پاراستنی ئیسرائیلی لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران دووپات کردەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی نیسانی 2024 سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و ئەمەریکا پەیمانی هاوئاهەنگی بە تەلئەبیب داوە لە ئەگەری بەزاندنی سنووری ئیسرائیل لە لایەن مووشەکەکانی ئێرانەوە. 

ئەمەریکا ئامادە نییە بچێتە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام بۆ بەرگری کردن لە قەوارەی ئیسرائیل هەموو کارێک دەکات، بۆیە هێشتا ئێران بیر لە شێواز و قورسای هێرشەکەی دەکاتەوە بۆ سەر ئیسرائیل و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کارێک ناکات ئەمەریکا بکاتەوە بە گژ خۆیدا. 

لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی دیپلۆماسی ئێران لە سووریا و کوشتنی سێ لە دیارترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئێستە ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی بە ئیسرائیل داوە و هەڕەشەی هێرشی مووشەکی لە تەلئەبیب دەکات. 


وشە - ئارا هێمن