سوودانی بۆ ئەمەریکا: عێراق پەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە

:: PM:07:03:11/04/2024 ‌
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسینێکیدا لە گۆڤاری ''فۆرن ئەفێرس'' پێش سەردانەکەی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەنووسێت، پێویستە ئەمەریکا پێوەندی خۆی لەگەڵ عێراق لە پێوەندییەکی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ پێوەندییەکی هاوئاهەنگ لە هەریەکە لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و پێشخستنی تەکنەلۆجیادا. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی نیسان سوودانی لە گۆڤاری ''فۆڕن ئەفێرس'' لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا و دیدگای ئەو بەرانبەر بە پێوەندی نێوان بەغدا و واشنتن نووسیویەتی، پێکەوە لەگەڵ ئەمەریکا کۆتایمان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر هێنا لە عێراق، ئێستە لیژنەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمەریکا پێک هێناوە بۆ دووبارە ڕەچاوکردنەوەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە عێراق، سوودانی لەبارەی لیژنە هاوبەشەکەوە نووسیویەتی، هەوڵەکان بەرەو عاقارێک نییە کە کۆتای بە هەژموون و ڕۆڵی ئەمەریکا بهێنرێت لە ناو عێراق، بەڵکو بە پێچەوانەوە لیژنەکە کار دەکات بۆ مەبەستی پێشخستنی ڕۆڵی ئەمەریکا لە بەرەوپێشبردنی عێراق لە بوارە جیاجیاکانی گەشەسەندنی وڵات و هەموو ئەو بوارانەی کە لە دەرەوەی بواری سەربازین. 

سوودانی پێداگری کردووە لە گرنگی ئەمەریکا و مانەوەی لە عێراق، هەروەها دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە هەژموونی عێراق لە ڕێگەی جیا جیاوە دەتوانێت خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی خەڵکی عێراق بهێنێت، لەبارەی هێزەکانی دەرەوەی یاسا، سوودانی دەڵێ، کاتی ئەوە هاتووە لە دوای گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق، کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو گرووپ و چەکدارانە بکەین کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چەکیان هەڵگرتووە. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لە پاراستنی سوپای ئەمەریکا دەکاتەوە و دڵنیایی دەداتە واشنتن کە هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق پارێزراو دەبن و ڕێگە بە هیچ گرووپ و چەکدارێک نادرێت بێجگە لە دەوڵەت شەڕ دژ بە ئەمەریکا ڕابگەیەنێت، کەواتە سودانی دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە ئەمەریکا و دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بڕیارێکی سیاسییە و تەنیا لە دەستی دەوڵەتی عێراقدایە وەک دامەزراوە، نەوەک گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت. 

سوودانی باس لەوەش دەکات، کاتی ئەوە هاتووە تواناکانیان لە سەربازییەوە بگۆڕن بۆ توانای خۆپێشخستن لە بوارە جیاجیاکان و گەشەسەندنی هەمەجۆر، لەم بارەیەوە سوودانی کۆتای هێنان بە مەترسی نەبڕاوەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر دەبەستێتەوە بە نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە وڵات و باس لەوە دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بە تیرۆر و دواکەوتن نەدەین جارێکی تر نەشونما بکات، ئەوا پێویستە لە هەموو سێکتەرە جیاجیاکان پێشکەوتن بەدی بهێنین، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە ئەمەریکا دەکات لە جیاتی بواری سەربازی، لە ڕووی گەشەسەندنی تەکنەلۆجی و سیاسییەوە هاریکاری عێراق بێت. 

سوودانی پێشخستنی دیموکراسی و گەشەسەندن لە بواری مافەکانی مرۆڤ بە کلیلی پێشکەوتنی عێراق ناودەبات و دەڵێ، پێویستە بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە و دیموکراسی پێش بخەین، لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا سوودانی دەڵێ، پێویستە لە پشتبەستن بە نەوت دوربکەوینەوە و ئابووری عێراق فرەچەشنە بکەین. 

سوودانی دەڵێ، پڕۆژەیان هەیە کەنداو و تورکیا و ئەوروپا پێکەوە ببەستنەوە و کاری ڕژدیان لەم بارەیەوە کردووە، سوودانی باس لەوە دەکات، کاتێک لە 15ی نیسانی ئەمساڵ ڕێگەم دەکەوێتە واشنتن، بە ئەمەریکا دەڵێم، عێراق پەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە و چاوی لە گەشەسەندنە، هەروەها تەوەرەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا خستووەتە ڕوو و باس لەوە دەکات، پرسی هاوئاهەنگی ئابووری و پێشخستنی پێوەندی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای گەشەسەندنی عێراق و کۆتای هێنان بە سپیکردنەوەی پارە و بڕینی ئەو دەستانەی کە لە عێراقەوە تیرۆر پارەدار دەکەن لە گرنگترین پرسەکانی کۆبوونەوەکەن. 


وشە - ئارا هێمن