هێشتا لە ڕووی وەبەرهێنانەوە عێراق جێی متمانەی كۆمپانیا جیهانییەكان نییە

:: PM:07:07:11/04/2024 ‌

بەپێی نوێترین ڕانكی جیهانی بۆ پلەبەندیی وڵاتانی جیهان لە وەبەرهێناندا، عێراق پلەی 93ی لە كۆی 199 وڵات وەرگرتووە، ئەمەش وێڕای ئەو ژمارە زۆرە وەبەرهێنانەی تێیدایە، پلەیەكی بەرز نییە.

ئەو پلەبەندییە كە گۆڤاری "CEOWORLD" بڵاوی كردووەتەوە، پۆلێنەكەی لەسەر 11 بواری جیاواز داناوە كە بەشێكیان پێوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە، ئەمەش وا دەكات وڵاتانی وەك عێراق ئەگەر وەبەرهێنانی زۆریشیان هەبێت، بەهۆی گەندەڵییەكەوە پلەیان دێتە خوار. هەروەها یەكێكی تر لە پلەبەندییەكە بەهۆی ئازادیی كەسی، ئازادیی بازرگانی و ئازادیی دراوەوە هەیە. خاڵێكی تری سەرەكیش بریتییە لە ئاسانكاری بۆ هەموو وەبەرهێنەرەكان بێ جیاوازی كە ڕەنگە لەمەشدا عێراق باری لێژ بێت، چونكە ئەو ئاسانكارییەی بۆ وەبەرهێنەری ئێرانی دەكات زۆر جیایە لە هەر وڵاتێكی تر.

بەپێی پلەبەندییەكە، ئەمانە پێشكەوتووترین وڵاتانی جیهانن لە ڕووی وەبەرهێنانەوە: سەنگافوورە، بریتانیا، تایوان، هیندستان، ئەندەنووسیا، ئیسپانیا، ئوسترالیا، پۆڵەندا، فلیپین و ئەمەریكا.

ئیمارات بەهێزترین وڵاتی عەرەبییە و لە پلەی پازدەهەمە.




وشە - عەبدوڵا عومەر