وردە وردە گەشتی ئاسمانی بۆ سەر ئێران ڕادەگیرێت

:: PM:07:51:11/04/2024 ‌

كۆمیانیایەكی فڕۆكەوانیی ئەڵمانیا گەشتەكانی بۆ سەر تاران ڕاگرت، چونكە پێی وایە چیتر ئەو وڵاتە سەلامەت نییە و لە بەردەم شەڕێكی چاوەڕوانكراودایە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 11ی نیسان، كۆمپانیای "لوفتهانزا"ـی فڕۆكەوانیی ئەڵمانی، گەشتەكانی بۆ سەر ئاسمانی ئێران هەڵپەسارد، لە ترسی ئەوەی تووشی هەر ڕووداوێكی تەناهی نەبن، ئەمەش پاش ئەو بەڵێن و هەڕەشە و گوڕەشانەی لە نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیلدا دروست بووە.

ئێران تەنیا بە دوو هێڵ بە ئەورووپاوە بەسترابووەوە، ئەویش بریتی بوون لە هێڵی لوفتهانزای ئەڵمانی و هێڵی ئاسمانیی نەمسایی، بۆیە بە ڕاگیرانی یەكێكیان، گرفتی گەورە دەكەوێتە سەر جموجۆڵی ئاسمانی و گەشتی ئەو وڵاتەوە و هانی هێڵە ئاسمانییەكانی تریش دەدات ڕێیەكی هاوشێوەی ئەڵمانییەكە بگرنە بەر.

ئەمەریكا و ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی تارانن لە ئاكامی هێرشەكەی تەلئەبیب لە یەكی نیساندا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق كە بووە هۆی كوشتنی حەوت لە سەركردەكانی سوپای پاسداران.

كۆمپانیای لوفتهانزا بە شێوەیەكی كاتی تا 13ی مانگ گەشتەكانی هەڵپەساردووە و لە ئەگەری هەر جووڵەیەكی سەربازی لەم چەند ڕۆژەدا، ماوەی ڕاگرتنی گەشتەكانی درێژ دەكاتەوە.



وشە - عەبدوڵا عومەر