بەریتانیا: هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل قبوڵکراو نییە

:: PM:08:30:11/04/2024 ‌
ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕای گەیاند، دژی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەوەستنەوە و دەنگیان لە پاڵ دەنگی ئەمەریکای هاوپەیمانیانە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل. 

ئەمڕۆ 11ی نیسان ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕای گەیاند، مافی ئیسرائیلە بەرگری لە خۆی بکات و بە هیچ شێوەیەک لە ئێرانی قبوڵ ناکەن هێرش بکاتە سەر تەلئەبیب، سوناک دەشڵێ، ئێمە وەک بەریتانیا دەمێکە گوتومانە، ئێران مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دووپات لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکەینەوە بەوەی کە ئیسرائیلییەکان مافی ڕەوای خۆیانە بەرگری بکەن. 

دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیری پۆڵاینی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش هاتە پشت ئەمەریکا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هەموو شێوەیەک لە پاڵ ئیسرائیل دەبن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی ئێران. 

چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە ئێران وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بداتەوە بۆ سەر پێگەیەکی ئەو وڵاتە لە سووریا، کە تێیدا ئیسرائیلییەکان سێ لە دیارترین فەرماندە بالاکانی ئێرانی کوشت. 


وشە - ئارا هێمن