ڕووسیا: مەچنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:09:26:11/04/2024 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هاوڵاتیانی ئاگادار دەکاتەوە گەشت بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکەن و خۆیان لە گەشتکردن بەرەو هەر وڵاتێک بپارێزن کە دەکەوێتە سنووری جوگرافی ئەو ناوچەیە.

ئەمڕۆ 11ی نیسانی 2024 پێگەی ''عەرەبییە'' ڕای گەیاند، ڕووسیا هاوڵاتیانی لە مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە و داوای لە سەرجەم هاونیشتیمانیانی کردووە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگرنە بەر، ئەمەیش دوای ئەوەی هەواڵگری ئەمەریکا هەمووانی ئاگادار کردەوە لە مەترسی هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل.

ئێستە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بڕوایان وایە، ئێران هێرشێکی چاوەڕوان کراو دەکاتە سەر ئیسرائیل و تۆڵەی کوشتنی فەرماندە باڵاکانی لە سووریا دەکاتەوە، بەمەیش جارێکی تر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە و شەڕی غزە فراوان دەبێت. 

کەمێک پێش ئێستە ئانالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاند، ئێران پێویستە خۆی لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بپارێزێت، لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و بەرگری لە خۆی بکات. 


وشە - ئارا هێمن