پێشبینی دەكرێت لەم دوو ڕۆژەدا سەدان هەزار گەشتیار بچنە سەیرانگاكانی كوردستان

:: AM:11:31:12/04/2024 ‌
بەهۆی جێگیرى كەشوهەواوە پێشبینی دەكرێت، لەم دوو ڕۆژە سەدان هەزار گەشتیار بچنە سەیرانگاكانی كوردستانەوە، گەشتوگوزاری دوكان دەڵێت، لەم سێ رۆژەی جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی دوكان دەكەن.

ڕێژین رەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان دەڵێت، ئامادەكاریمان كردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان ئەمڕۆ تیمیان هەیە لە سەیرانگای دوكان، لیژنەی پشكنینمان هەیە و پڕۆژە گەشتیارییەكان بەسەر دەكەنەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هاووڵاتییەك سكاڵای نەكردوە لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان.

ئەوەش دەڵێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 48 هەزار گەشتیار هاتونەتە شوێنە گەشتیارییەكان.

پێش جەژنیش ئارام شوانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، لە لێدوانێكیدا ڕای گەیاندبوو، تا ئێستە زیاتر لە 25 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنووری سلێمانی و ڕێژەكەش لە زیادبوون دایە، پێشبینی دەكەن تا كۆتایی جەژن ئەم ژمارەیە بگاتە نزیكەی 50 هەزار گەشتیار.

ئاماژەی بەوە كردبوو، 90%ی ئەو گەشتیارانە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، ڕێژەكەی تریشی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتوون، بە گشتی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەمان ئاستە.


وشە - سۆران عەزیز