فڕەنسا هۆشداری دا بە هاووڵاتییانی گەشت بۆ ئەم وڵاتانە نەكەن

:: PM:05:01:12/04/2024 ‌
ستیڤان سیجۆرنێ، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد كە گەشت بۆ هەر یەك لە وڵاتانی ئێران، ئیسرائیل، لبنان و خاكی فەلەستین نەكەن و هاوكات داوای لە ماڵبات و كەسوكاری دیپلۆماتكارەكانی كرد بەپەلە بگەڕێنەوە فڕەنسا. 

ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانی 2024، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی فڕەنسا لە كۆبوونەوەیەكی پەلەی وڵاتەكەیدا ئەم بڕیارانەی داوە و ئەمەیش لەو كاتەدا دێت كە ئێران هەڕەشەی ئەوە دەكات ئیسرائیل بكاتە ئامانج لە تۆڵەی ئەو بۆردمانەی ئیسرائیل كردیە سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە یەكەم رۆژی ئەم مانگە "یەكی نیسانی 2024". 

ئەمە لەكاتێكدا، وڵاتانی تریشی وەك رووسیا هانی هاووڵاتیانی خۆیان داوە و ئامۆژگاریان كردوون كە گەشت بۆ ئەو ناوچانە نەكەن كە دۆخی تەناهییان ناجێگیرە بەهۆی ئەم هەڕەشانەی ئێران. 

لای خۆشییەوە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیی "لۆفتهانزا" دوێنێ پێنجشەم تەواوی گەشتە راستەوخۆ رۆژانەكانی لەگەڵ تاران هەڵوەشاندەوە. 

جێگەی ئاماژەیە، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ئەنجامی بۆردمانەكەی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق لانی كەم 16 كەس كوژراون و سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە حەوت ئەندامی سوپاكەیان لە ئەنجامی هێرشەكەدا كوژراون و لە ناویشیاندا دوو فەرماندەی گەورەی سوپاكە هەن.


وشە - پۆڵا مەحموود