هۆشدارییەک لە شارەوانیی سلێمانییەوە بۆ دوکاندار و دەستگێڕەکانی شەقامی سالم و ناو بازاڕ

:: PM:06:16:12/04/2024 ‌
شارەوانی سلێمانی رای گەیاندووە، وێڕای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هۆشیاریمان بڵاوكردبووەوە بۆ كاسبكار و دوكاندار و دەستگێڕەكان بۆ پاكڕاگرتنی شوێنەكانیان و شەقامەكان، بەڵام شەقامی سالم و ناوبازاڕ بەشێوازێك پیسكراوە كە لە توانای ژینگەپارێزان نەماوە و بەمهۆیەوە لەمەودوا ئەوەی پابەند نەبێت دوكانەكەی دادەخرێت. 

ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانی 2024، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكی ناو بازاڕ، رای گەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هۆشیاریمان بڵاو کردووەتەوە و رێنوێنیمان داوەتە کاسبکار و دوکاندار و دەستگێڕە کان کە پێویستە پابەند بن بە پاکڕاگرتنی شوێنکارەکانیان و پاکوخاوێنی شۆستە و شەقامەکان بپارێزن.

 "بەڵام بە داخەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا (شەقامی سالم و ناوبازاڕ) بەشێوازێک پیس کراوە کە لە توانای ژینگەپارێزە بەڕێزەکان دەرچووە، بۆیە جارێکی تر هۆشداری دەدەین کە لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بە پاراستنی ژینگەی شارەکەمان ناچار دەبین بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان بگرینە بەر لە تاوانەکردن و داخستنی دوکان و شوێنکارەکانیان و گلدانەوەی عەرەبانەکان وکەپرو مێزەکانیان" لە هۆشدارییەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی وا هاتووە. 

لە كۆتایی هۆشدارییەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە، پاراستنی ژینگەی شار و پاکڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکان ئەرکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانی هەمووانە ، با هەموو هاوکاربین لە کەمکردنەوەی بارگرانی ژینگەپارێزە بەڕێزەکان .


وشە - پۆڵا مەحموود