بەهۆی دابەشكردنی دوو مووچەوە هاووڵاتیان جەژنێكی خۆش و تێریان بەڕێ كرد

:: PM:09:54:12/04/2024 ‌
به‌هۆى دابه‌شكردنى دوو مووچه‌ پێش جه‌ژنى ره‌مه‌زان، هاووڵاتییان جه‌ژنێكى خۆش و تێر و پڕ ئاماده‌كارییان بەڕێ كرد و ده‌شخوازن جه‌ژنه‌كانى تریش ناڕه‌حه‌تى چه‌ندین ساڵه‌یان له‌بیربباته‌وه‌ و كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ بێت كه‌ پێشتر هه‌بوو.

ئیبراهیم سابیر، هاووڵاتیی به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، دوو مووچه‌ پێش جه‌ژن ته‌واوى پێویستى و كێشه‌كانى هاووڵاتییانى پڕكرده‌وه‌ و بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى هاووڵاتییان ئاماده‌كارییه‌كى زۆر باش بكه‌ن و جه‌ژنێكى خۆش و تێر به‌ڕێ بكەن، ئه‌وهی‌ش به‌هۆى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا كرا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و سه‌رۆكى حكوومه‌تیش مژده‌ى خۆشى دایه‌ هاووڵاتییان.

باسى له‌وه‌یش كرد، هه‌رێمى كوردستان چه‌ندین ساڵه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌غدا سته‌مى لێده‌كات و مووچه‌ و بودجه‌ى پێ نادات، كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ سیاسى كراوه‌ و به‌غدا له‌كاتى خۆى دواى ده‌خست، ئه‌م جه‌ژنه‌ بۆ خه‌ڵك بووه‌ سێ جه‌ژن.

به‌سۆز میرزا، فه‌رمانبه‌ره‌ و به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، ئه‌و جه‌ژنه‌ى ئه‌مجاره‌ له‌هه‌موو جه‌ژنه‌كانى تر جیاوازبوو بۆ هاووڵاتیی و فه‌رمانبه‌ر، چونكه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى پێش جه‌ژن دوو مووچه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ درا، ئه‌مه‌ وای كرد خه‌ڵكه‌كە جه‌ژنه‌كه‌ به‌ ده‌روونێكى ئاسووده‌ به‌ڕێ بكه‌ن و له‌ هه‌موو روویەكەوه‌ ئاماده‌كارییه‌كى تێر بكه‌ن و كه‌موكورتى نه‌بێت و خه‌ڵك ئاسوده‌ بن له‌وه‌ى كه‌ پێویستى جه‌ژن و ماڵ و منداڵ پڕبكه‌نه‌وه‌ و بیكڕن.

رۆژی چوارشەم 3/4/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

لای حۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   

كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  

لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.

وشه‌/ سلێمانی -  تایبه‌ت


وشە - پۆڵا مەحموود