ئاسمانی هەولێر بە فڕۆكە داپۆشراوە

:: AM:10:36:13/04/2024 ‌
بەهۆی ئەو مەترسییانەی هەیە شەڕ روو بدات و ئێران و لبنان و سووریا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی تر ئەو مەترسییەیان بەسەرەوەیە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەولێر بە فڕۆكەی گەشتیار و وڵاتانی ئەوروپای داپۆشراوە.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی نیسان، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لەڕێی پێگەی flight radar كە كاری سەرەكی چاودێریی فڕۆكەیە لە ئاسمان كردوویەتی، دەركەوتووە ئاسمانی هەولێر لە شەوەوە بووەتە رێی سەرەكیی فڕۆكەكان.

هۆكاری زۆربوونی فڕۆكە لە ئاسمانی هەولێر، بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانی ئەو دوو وڵاتە لە فڕۆكەی گەشتیاری چۆڵ بووە و وڵاتانی دنیا ئاسمانی عێراق بە دیاریكراوی هەولێر بەكار دەهێنن.

بەپێی ماڵپەڕی flight radar  ئێستە ئاسمانی عێراق زۆرترین فڕۆكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاواوە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ئاسیا، هەولێریش رێیە سەرەكییەكەیە.

ئێستە مەترسیی شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەیە، بۆیە ئاسمانی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە نائارامە، هەولێر و هەرێمی كوردستان دوورن لە ململانێ‌ نێودەوڵەتی و وڵاتان، بۆیە كۆمپانیاكان ئەو رێیەیان هەڵبژاردووە.



وشە - رامیار جەواد