شرۆڤەكارێك هۆكاری دواكەوتنی وەڵامدانەوەی ئێران ئاشكرا دەكات

:: PM:05:01:13/04/2024 ‌

بەر لە دوو هەفتە ئیسرائیل سێ ئەفسەری باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانی لە دیمەشق كوشت، لەو ساتەوە ئێران هەڕەشە دەكات و بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات، بەڵام تا ئێستە هیچی نەكردووە، گوتیان هێرشەكەی بۆ دوای جەژنی رەمەزان دوا دەخات، ئێستەش دەڵێن بۆ دوای كۆتاهاتنی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.

لەو كاتەی زۆرینەی شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە كە دواكەوتنی هێرشەكەی ئێران بەهۆی گەورەیی مەترسی و هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەلایەك و بۆ هێوربوونەوەی گوشارەكانی سەر ئێران و رێخۆشییە بۆ وەڵامدانەوەیەكی سنوودار، عەدنان تەمیمی، شرۆڤەكاری سیاسی دووپاتی دەكاتەوە كە ئێران وەڵامدانەكەی بۆ دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا دوا دەخات.  

روونی كردەوە، سیاسەتەكانی ئێران لەسەر بنەمای نەفەسدرێژی بینات نراون، ئەوەش دواكەوتنی وەڵامدانەوەی بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل لێك دەداتەوە، چۆنكە دەیەوێ بە وردی و هێواشی خوێندنەوە و تاوتوێی هەموو ئەگەرەكان بكات و وەڵامەكەی نەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی كراوە، كە رەنگە بەرەو بژارەی زۆر زەحمەتی ببەن، ئەوەش لە سایەی پاڵپشتیی گەورەی ئەمەریكا و رۆژئاوا بۆ تەلئەبیب، كە ئەوە راستییەكە و تاران زۆر بە باشی دەیزانێت.

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، لە رووی گەیاندنی پەیامەكانی ئێران بۆ ئەمەریكا، عێراق لە هەمووان نزیكترە، چونكە لە بەرژوەندیی عێراقە كە ناوچەكە سەقامگیر بێت، سەردانەكەی سوودانیش ئەگەرچی چەند هەفتەیەكە وادەی دیاری كراوە، بەڵام لەكاتێكی گرنگ و مەترسیدار دێت، كە راپۆرتەكان باسی نزیكبوونەوەی وەڵامدانەوەی ئێران دەكەن.

تەمیمی ئاماژەی كرد، ئاراستەكردنی پەیامێك لەلایەن تاران بۆ واشنتن لە رێگەی سوودانییەوە زۆر پێشبینیكراوە، بۆ روونكردنەوەی هەڵوێستەكانی و دیاریكردنی سروشتی وەڵامدانەوەكەی و دیاریكردنی هێڵە سوورەكان، بۆیە هەر دەستپێشخەری و پلانێك بۆ لێدانی تەلئەبیب بۆ دوای كۆتاهاتنی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن دوا دەكەوێت، ئێران دەیەوێ وەڵامی هێرشەكەی دیمەشق بداتەوە، بەڵام نایەوێ بگاتە ئاستی شەڕێكی كراوە لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە زیانەكان كارەساتبار دەبن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل