پارێزگای هەولێر: لە رۆژانی جەژندا 69 هەزار گەشتیار سەردانی پایەتەختیان كردووە

:: PM:08:31:13/04/2024 ‌

هەموو ساڵێك لە بۆنەكان و رۆژانی جەژندا، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، پارێزگای هەولێر پلانی خۆی رادەگەیەنێت، كە چەند رێوشوێنێك دەگرێتەوە، بۆ ئەم جەژنەش نووسینگەی پارێزگاری هەولێر سەركەوتنی پلانەكەی راگەیاند.

بەپێی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەی تەناهیی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان ئامادەكاری بۆ كرابوو، پلانەكە وەك خۆی و بە سەركەوتووی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێ كرا.

ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیار و رووداوەكانی رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاكەمان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

یەكەم/ گەشتوگوزار:

سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو، تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەكان و دابەشكردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەكان بەسەر گرووپە گەشتیارییەكان و گەشتیاران، بۆ ئەوەی هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی هەر رووداو یان گیروگرفتێك. 

هەروەها پێكهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە رەوشی گەشتیاران لە بنكە گەشتیارییەكان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران لە بنكە گەشتیارییەكان، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی تەنیا لە رۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایەتەختیان كردووە بریتی بووە لە (69 هەزار و 499) گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:

بەپێی ئەو پلان و ئامادەكارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەك خۆی و بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێ كران و بۆ هەرحاڵەتێكی  پێویستیش، سەرجەم هێزەكانی ئاسایش لە ئەركدا بوون.

سێیەم/ پۆلیس:

سەرجەم هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەكان لە هەرسێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشی تەواودا بوونە و پلانەكان وەك چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كراون، ئاماری تاوانەكانیش لە رۆژانی جەژن بەم شێوەیەی بوو (30) تاوان تۆمار كراوە، (28) تاوان ئاشكرا كراوە، دوو تاوانیش لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

چوارەم/ هاتوچۆ:

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەك خۆی و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایی و یاساكانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، پێنج رووداوی هاتوچۆ روویان دا و لە ئەنجامیاندا (20) كەس بریندار بوون و كەسێكیش بەداخەوە گیانی لەدەست داوە. 

پێنجەم/ بەرگریی شارستانی:

تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی  رەمەزانی پیرۆز لە ئەركدا بوون، لەو ماویەشدا پێنج حاڵەتی ئاگركەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگركەوتنەوەكانیش لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە كۆنترۆڵ كراون، خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی:

تەواوی تیمە تەندروستی و نەخۆشخانەكان لە ئەركدا بوونە، لە سێ رۆژی جەژن (8786) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای هەولێریان كردووە، (140) منداڵ لەدایك بوونە و (240) نەشتەرگەریی بچووك ئەنجام دراوە و (979) حاڵەتی شوشتنی گورچیلە و (52) حاڵەتی سووتان هەبووە.

حەوتەم/ سەرۆكایەتیی شارەوانی:

سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و تیمەكانی شارەوانی، لە رۆژانی جەژن لە ئەركدا بوونە و لەو ڕۆژانەشدا (8 هەزار و 150) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كۆ كراوەتەوە و لە زبڵخانەی كانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ كراوە.

دەستخۆشی لە یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و هێزە تەناهییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزان لە سەرجەم شارۆكە و شارۆكەكان دەكەین، كە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو وێڕای پشووی فەرمانگەكانیان لە ئەركدا بوون، جارێكی تر وەك پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاوشارییانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنیا دەكەینەوە وەك هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەركردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و بە هەموو توانایەكمانەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوكراوەیی هێزە تەناهییەكان، شەو رۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریكردن لە سەر و ماڵتان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل