بەرپرسی نووسینگە گەشتیارییەكان: بۆ ئەم جەژنە زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

:: PM:08:58:13/04/2024 ‌

هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گەشتیارییە و ساڵ بەساڵ كەرتی گەشتیاری لە پێشكەوتندایە و حكوومەتی هەرێم گرنگی تەواوی بە كەرتی گەشتیاری داوە، كە چەندین پڕۆژەی گەشتیاری كراوەنەتەوە و هەروەها بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی هەیە، هەموو ئەوانە وایان كردووە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روو لە ناوچەكانی هەرێم بكەن، بەرپرسی نووسینگە گەشتیارییەكان دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم جەژنە زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

ساڵ بەساڵ هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە، بەپێی پێشبینییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش چاوەڕوان دەكرێت بۆ رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، 200 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەكانی هەرێم بكەن، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەش هاووڵاتیی خوار و ناوەڕاستی عێراق و گەشتیاری وڵاتانی دراوسێ و بیانین.

لەوبارەوە ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی كە بۆ رۆژانی جەژن سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، وەك دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگاكان، ئاماری هەفتەیەك پێش جەژن تا كۆتا رۆژانی دوای پشووی جەژن وەردەگرین، بە شێوەیەكی گشتی هاتنی گەشتیاران لەو رۆژانە وەك ئامار رادەگەیەندرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو گەشتیارانەی كە دێنە هەرێمی كوردستان، دەستەی گەشتوگوزار خەمڵاندنێكی كردووە بۆ ئەوەی بزانرێت هەر گەشتیارێك چەند پارە خەرج دەكات، گەشتیارانی بیانی كە دێنە هەرێم گەشتیار هەیە تا دەمێنێتەوە و سەرو 10 هەزار دۆلار خەرج دەكات، گەشتیاریش هەیە 100 دۆلار، بەڵام بە تێكڕا دیاریمان كردووە هەر گەشتیارێك كە دێتە هەرێم 250 بۆ 300 دۆلار خەرج بكات.

لای خۆیەوە رێژەن رەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە "وشە"ی گوت، ئەمساڵ بۆ گەشتیاران جەژنێكی جیاواز بوو، بەهۆی ئەوەی نەورۆز كەوتە ناو مانگی رەمەزان و گەشتیاران نەیانتوانی بچنە دەرەوە بۆ گەشت و گەڕان، بەڵام گەشتیاران بۆ جەژنی رەمەزان و رۆژانی پشوو هەقی ئەوەیان كردووە، ئەمساڵ لە جەژنی رەمەزان بە رێژەیەكی زۆر بەرچاو گەشتیاران سەردانی دوكانیان كردووە، بە جۆرێك جێگەی بەتاڵ نەمابوو.

روونی كردەوە، بەپێی ئامارەكان سەرو 100 هەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژن سەردانی دوكانیان كردووە، بەپێی ئەو خەمڵاندنەش كە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار كراوە، بە تێكڕا هەر گەشتیارێك دێتە هەرێمی كوردستان لە سەرو 250 دۆلار خەرج دەكات.

پێوەست بەو بابەتە رابەر میرزا، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان، بازاڕ دەبووژێنێتەوە و بەهۆیەوە پارەیەكی زۆر دەكەوێتە بازاڕەوە و ئەو پارەیەش بۆ خاوەن كارەكانە، هەر لە شۆفێرێكی تاكسی تا دوكاندار و مێوانخانە و هۆتێل و پڕۆژە گەشتیارییەكان، بۆیە جووڵەیەكی فراوان دەخاتە بازاڕ و كاریگەری لەسەر ئابووریی بازاڕ دەبێت.

دووپاتی كردەوە، لە پاڵ ئەو داهاتە و پارەی كە گەشتیاران لەگەڵ خۆیان دەیهێنن و لە هەرێمی كوردستان خەرجی دەكەن، بەشێكی ئەو پارەیە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە كە لە رێگەی باجەوە كە دانراوە و بۆ شوێنەكان دیاری كراوە، بەتایبەتی هۆتێل و مێوانخانەكان، كە بەشێكی ئەو پارەیە راستەوخۆ لە رێگەی باجەوە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، پێشكەوتنی گەشتیاریش لە هەرێم ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت.

عەتا ئەنوەر، بەرپرسی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژێك پێش جەژن گرووپی گەشتیاری هاتنە هەرێمی كوردستان و بەسەر شارەكاندا دابەش بوون، ئەم جەژنە زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بازاڕیان جووڵاند و بازاڕی كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكانیش خۆش بوو.

شایەنی باسە ئەگەر بۆ رۆژانی جەژن 200 هەزار گەشتیار هاتبنە هەرێمی كوردستان و هەر گەشتیارێك 250 دۆلاری خەرج كردبێت، بە تێكڕا گەشتیاران دەیان ملیۆن دۆلاریان لە هەرێمی كوردستان خەرج كردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل