وەڵامدانەوەی ئێران نزیك دەبێتەوە و ئەمەریكا دێتە سەر خەت

:: PM:10:07:13/04/2024 ‌

بەپێی هەموو ئاماژە و زانیارییەكان وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكەی دیمەشقی ئیسرائیل زۆر نزیك بووتەوە، ئەمەریكا پێی وایە وەڵامدانەوەكە لە رۆژانی داهاتوو دەبێت و دووپات لە پاڵپشتیكردنی ئیسرائیل دەكاتەوە، ئێران لە هەڕەشەكانی بەردەوامە، ئیسرائیلیش چەند رێوشوێنێكی خۆپارێزی وەرگرتووە.

لەوكاتەی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئێران لە چەند رۆژی داهاتوو هێرش بكاتە سەر چەند ئامانجێكی ئیسرائیل، تەلئەبیب ئامادەسازی خۆی بۆ هێرشەكەی ئێران راگەیاند، ئەمڕۆ تەواوی چالاكییە ئاینییەكان و دەوامی قوتابخانەكانی وەستاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هێزە چەكدارەكانی كەوتنە حاڵەتی ئامادەسازی بۆ هێرشەكە و دەیان فڕۆكەی سەربازی بە ئاسمانی ئەو وڵاتە دەسووڕێنەوە.  

لای خۆیەوە لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل دەتوانێت بەرانبەر بە هەر هێرشێكی ئێران و میلیشیاكانی لە ناوچەكە پشت بە ئەمەریكا ببەستێت، بزاوی نوجەباش، كە یەكێكە لە میلیشیا شەڕانگێزەكانی ئێران لە عێراق و سووریا، دووپاتی كردەوە كە ئێران خۆ توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی هەیە و پێویستی بەوان نییە بەرگری لێ بكەن یان شەڕی بۆ بكەن.

ئەو پەرەسەندنانە هاوكاتن ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پشووی كۆتای هەفتەی خۆی كۆتایی پێ هێنا، بۆ دەستكردن بە راوێژكاریی بە پەلە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

لەوكاتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاشكرایان كرد كە ئەمشەو ئەنجوومەنی بچووككراوەی جەنگ لە ئیسرائیل كۆ دەبێتەوە، ئوردن وەستاندنی تەواوی هات و چۆی گەشتە ئاسمانییەكانی لە ئاسمانی ئەو وڵاتە لەمشەوەوە راگەیاند.   
    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل