ئاژانسی هەواڵی AFP: ئیسرائیل تەواوی قوتابخانەكانی داخست

:: PM:10:28:13/04/2024 ‌
لە نوێترین بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە و لەئەگەری هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر وڵاتەكە، ئیسرائیل قوتابخانەکانی داخست و ڕێنوێنی شەڕی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڕێنوێنییەكاندا هاتووە، خوێندن و کۆبوونەوەی ڕۆشنگەریی کۆتای پێ دێت و بەمەیش قوتابخانەکان دادەخرێن و کۆبوونەوە گشتییەکان سنووردار دەکرێن.

ئەمڕۆ شەموو 13ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل لە بەشێكی تری رێنوێنییەكاندا بڵاوی كردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکاندا تەنیا كۆبوونەوەی 30 کەس ڕێگەپێدراوە، بە پێچەوانەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی گشتی ڕێگەپێدراو نییە.

لای خۆشییەوە دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند، پێویستە هاووڵاتیان 10 خوولەك دوای گوێبیستبوونی زەنگی ئاگەدار كردنەوە، بچنە ژێر زەمینەكان و خۆیان حەشار بدەن.

ماوەی دوو هەفتەیە ئاڵۆزییەکانی شەڕی غەزە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ئێستە لە سایەی هەڕەشەی ئێران، تەلئەبیب خۆی خستووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.

هەڕەشەكانی ئێران لەوە سەرچاوە دەگرێت، لە یەكەم رۆژی ئەم مانگە، ئیسرائیل بۆردمانی كونسوڵگەی گشتی ئێرانی كرد لە دیمەشق و بەهۆیەوە 16 كەس كوژران، كە بەپێی راگەیەنراوی سوپای پاسداران 16یان راوێژكار و ئەندامانی سوپای پاسدارانن و دوو فەرماندەی پلە باڵای سوپاكەش لەناو كوژراوەكان هەن.


وشە - پۆڵا مەحموود