"هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەت هێرشەكانی وەستاند و بەغدای ناچاری رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەران كرد"

:: PM:11:05:13/04/2024 ‌

پسپۆڕێكی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان تیشك دەخاتە سەر گرنگیی هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و بەردەوامی و بەهێزكردنی بۆ  بەرژەوەندییەكانی كوردستان، پێی وایە كە بەرهەمی سەردانەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوو بۆ ئەمەریكا پێ گەیی و بەغدا هاتە ژێر بار و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی نارد.

هەورامان عەلی تۆفیق، پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی گوت، هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان ئەمەریكا لە روانگەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە گرنگی خۆی هەیە، چونكە لە رابردوو هەمیشە ئەو پێوەندییانە بۆ ئێمەی كورد لەم ناوچەیەدا پشتیوانی و گەرەنتی بوون.

روونی كردەوە، لە سی ساڵی رابردوو، واتە لە راپەڕینەوە تا هێرشەكانی داعش و ئێران و میلیشیاكانی، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی پشتیوانی كورد بوون، راستە زۆر جار ئێمەی كورد ئەو جۆرە پشتیوانییانە بەدڵخۆشكەر نازانین و دەبێتە مایەی نیگەرانی، بەڵام ئەمە پێوەندی بەو كێبركێ سیاسی و سەربازی و ئابورییەوە هەیە كە لە ناوچەكە بەڕێوە دەچێت و زۆر جار ئەو بەرژەوەندییانە لە ئێمەی كورد و نەتەوەكانی تر لە ناوچەكە گرنگتر و لەپێشینەتر دەبن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە دۆستەكانی كورد ئەگەر بەشێكی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بێت، بێگومان بەشێكی بۆ پاراستی كورد و ئەزموونی هەرێمی كوردستانە لە عێراق.

ئەو پسپۆڕە زیاتر دەڵێت، سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن، بەرهەمدار بوو، بەو ئاماژانەی لەو ماوەیەدا بە چڕوپڕی زۆر دیداری ئاست بڵند هەبوون و دواتر جووڵەكان بۆ ئاساییكردنەوە و كەمكردنەوەی ئەو گوشارانە لەسەر هەرێمی كوردستان بەدیاركەوتن و جووڵەیەكی سیاسی هاتە ئاراوە، بە پێچەوانەی ئەوەی نەیارەكانی كورد لە عێراق دەیانویست دژی هەرێم ئەنجامی بدەن، كەواتە كۆی پێوەندیی و جووڵەی سیاسی و دیپلۆماسیەتی سەرۆكی حكوومەت و ئەو كارتە سیاسییانەی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بەكار هێنران، هەموو پێكەوە هێرشەكانی سەر كوردیان وەستاند و توانیان عێراق و نەیارانی كورد ناچار بكەن بە دەم خواست و داواكانی كوردەوە بێن و شایستە و مافەكانی بنێرن و دەست لەو ستەم و نادادی و برسیكردنەی هاووڵاتییان هەڵگرن.

جێی باسە دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەو وڵاتە، دواجار بەغدا ناچار بوو كە بێتە ژێر باری داوا و خواستەكانی كورد و شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات و چیتر ستەمیان لێ نەكات، ئەم پرۆسەیەش هەموو بە هەوڵی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت گەیشتە ئەم قۆناغە و هەموو گرفتەكان چارەسەر كران.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل