بڕیارێكی تری لێخۆشبوون چووە بواری جێبەجێكردن

:: PM:01:54:14/04/2024 ‌
بەپێی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لێخۆشبوون لە چەند بابەتێكی تر دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ـی نیسان، بەپێی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تێدا هاتووە، تایبەت بە لێخۆشبوون لەو سزا و سووانەی كەوتووەتە ئەستۆی قەرزارانی باج بۆ ساڵانی پێشوو، بەمەرجێك لە ماوەی 90 ڕۆژ پارەكە بدەنەوە، لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت.

ئاماژە بەوەیش كراوە، پێویستە ئەو شوێنانەی ئەو لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە، پابەندی ئەو ڕێنوێنییانە بن:
1-ئەم بڕیارە سەرجەم باجدەران دەگرێتەوە بۆ ئەو سزا و سووانەی لە ساڵانی پێشوو لەسەریان كەڵە بووە.
2-ئەم بڕیارە سەرجەم قەرزارانی باجی خانووبەرەی میری دەگرێتەوە.
3-ئەم بڕیارە ئەو كەیسانە ناگرێتەوە لەلایەن دادگاوە بڕیاریان لەسەر دراوە.
4-ئەو بڕیارە ئەو باجدەرانەش دەگرێتەوە كە باجیان بووە بە قیست تا كۆتایی ماوەی لێخۆشبوونەكە.
5-ئەو بڕیارە بەركار دەبێت بۆ ماوەی 90 ڕۆژ.
6-دوای كۆتاهاتنی ئەم ماوەیە، فەرمانگەكانی باج لە هەرێمی كوردستان، ناچار دەبن بە گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ هەموو قەرزارانی باج كە پابەند نەبوون بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.





وشە - رامیار جەواد