جەمال كۆچەر: ئەمەریكا پێگەی خۆی لە عێراق بەهێزتر دەكات و ناكشێتەوە

:: PM:05:07:14/04/2024 ‌

ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە سوودانی لە واشنتن لەبارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆ دەكات، بەڵام كشانەوەی ئەمەریكا زەحمەتە و ئەمەریكا پێگەی خۆی لە عێراق بەهێزتر دەكا و دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 14ی نیسانی 2024، جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن چەند پرسێكی گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، ئەوەی بۆ ئەمەریكا گرنگە پرسی كشانەوەیە لە عێراق، راستییەكەی ئەمەریكا لەناو عێراق زیاتر پێگەی خۆی بەهێز دەكا و بابەتێك نییە بە ناوی كشانەوە، بگرە ئەوە شتێكی فشەیە.

باسی لەوەش كرد، سوودانی چەند پرسێكی لەگەڵ خۆیدا بردووە و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەمەریكایش لە بەرانبەردا چەند راسپاردەیەك دەداتە سوودانی و لە گەڕانەوەی بۆ عێراق لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

ئەوەشی خستە روو، ئەو بابەتانەی ئەمەریكا و سوودانی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەن و دەكرێنە راسپاردە، پرسی چەكی میلیشیاكان، مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق، بەشەخۆراك، وزە و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، دۆلار و بانكەكان و دەنگۆی دەرچوونی ئەمەریكا لە عێراق بەتایبەتی، چونكە ئەمەریكا لە عێراق دەرناچێت.

"هەموو پرسەكانی گفتوگۆ و راسپاردەكانی واشنتۆن بۆ سوودانی و جێبەجێكردنیان، پێوەندی بە حكوومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، كە چۆن بەو مەرجانەی ئەمەریكا رازی دەبن، عێراق بەو مەرجانەی ئەمەریكا رازی دەبێت باشە و دەبێتە وڵاتێكی ئارام وەك سعوودیە و قەتەڕ، یان ئەوەتا دۆخی عێراق تێك دەچێت و داعشێكی تر بۆ عێراق دێت"، جەمال كۆچەر وا دەڵێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل