هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 30 مووشەك و درۆنی لە ئاسمانی عێراق تێكشكاندووە

:: PM:07:03:14/04/2024 ‌

شەوی رابردوو ئێران وەڵامی هێرشەكەی دیمەشقی ئیسرائیلی دایەوە و نزیكەی 300 درۆن و مووشەكی جیاجیای بەرەو خاكی ئیسرائیل هاوێشت، شارەزایان پێیان وایە هێرشەكە تەنیا پەیامێك بوو بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەوەی تاران توانای بۆردمانكردنی ئیسرائیل و بەزاندنی هێڵی سووری ئەمەریكای هەیە، ئەگینا هێرشەكە هیچ زیانێكی راستەوخۆی نەبووە، سەرچاوەیەكی عێراقی ئاماژە دەكات كە هاوپەیمانان زیاتر لە 30 درۆن و مووشەكیان بە ئاسمانی عێراقەوە خستووەتە خوارەوە.

بەهۆی دووریی سنوورەكانی ئێران و ئیسرائیل لە یەكتر، كە دووریی نێوانیان زیاتر لە هەزار كیلۆمەترە، هاوكات ئێران هێرشەكەی لە خاكی خۆی دەست پێ كرد نەك لە رێگەی میلیشیاكانی وەك پێشبینی دەكرا، بۆیە ئەو درۆن و مووشەكانەی بەرەو ئیسرائیل هاوێشتنی، بە ئاسمانی وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی عێراق و سووریا و ئوردن هەڵفڕین و زۆرێكیان لەو رێگایەوە كەوتنە خوارەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ئاشكرای كرد كە شەوی رابردوو هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق كە ئەمەریكا رابەرایەتی دەكات، زیاتر لە 30 درۆن و مووشەكی ئێرانی بە ئاسمانی عێراق خستووەتە خوارەوە، هاوكات هیچ زیانێكی گیانییان لێ نەكەوتووەتەوە. 

هەر بەپێی سەرچاوەكە و بەگوێرەی زانیارییە سەرتاییەكان، تێكشكاندنی ئەو درۆن و مووشەكانەی ئێران لە رێگەی فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بووە، چونكە سیستمی بەرگریی مووشەكیی هاوپەیمانان تەنیا لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا هەیە.

شەوی رابردوو دوای راگەیاندنی دەست پێكردنی هێرشەكەی ئێران، لە ئاسمانی چەند پارێزگایەكی عێراق، لەوانەش لە هەولێر و بەغدا و نەجەف و واست و ئەنبار، رووناكی دەبینرا و دەنگی تەقینەوە دەبیسترا، لەناو بوونی زانیاری كە سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی ئەمەریكا رێگری لەو درۆن و مووشەكانەی ئێران دەكەن و دەیانتەقێننەوە.

هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ئەوەیان راگەیاند كە شەوی رابردوو دەیان فڕۆكەی جەنگیی ئیسرائیلی و ئەمەریكا لە ئاسمانی عێراق بوون و رێگرییان لە گەیشتنی درۆن و مووشەكەكانی ئێران دەكرد لە گەیشتن بە خاكی ئیسرائیل، هێزەكانی ئەمەریكاش زیاتر لە 70 درۆن و سێ مووشەكی بالیستییان تێكشكاندووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل