دۆخەكە ئاوەژوو بووەوە.. ئێران ئیسرائیل لە هێرشی بەرانبەر وریا دەكاتەوە

:: PM:07:56:14/04/2024 ‌

دوای ئەوەی شەوی رابردوو نزیكەی 300 درۆن و مووشەكی بەرەو خاكی ئیسرائیل هاوێشت و زۆرینەی تەقێنرایەوە، ئێران پێی وایە تۆڵەی هێرشەكەی دیمەشقی ئیسرائیلی كردووەتەوە، ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی هێرشی شەوی رابردوو دەكات، ئەمەریكاش بابەتەكە بە سەركەوتن بۆ ئیسرائیل لە قەڵەم دەدات و دەیەوێ هێرشەكان لێرەوە بوەستن. 

ئەمڕۆ یەكشەم ئێران هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیلی وریا كردەوە بەوەی ئەگەر وەڵامی هێرشەكەی شەوی رابردووی بۆ سەر ئیسرائیل بدرێتەوە، رێوشوێنی زۆر توندتر دەگرێتە بەر، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتی كردەوە كە هێرشەكەی شەوی رابردوو سزایەك بوو بۆ تاوانەكانی ئیسرائیل و دەكرێ بگوترێت بابەتەكە كۆتایی هات.

جەنەراڵ محەمەد باقیری، سوپاسالاری ئێران دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، وەڵامدانەوەیان زۆر لە هێرشەكەی شەوی رابردوو بەهێزتر دەبێت، تاران واشنتنی لە هەر پاڵپشتییەكی ئیسرائیلی وریا كردووەتەوە، چونكە دەبێتە هۆی هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە. 

لای خۆیەوە ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە بە ئەمەریكایان گوتووە هێرشەكەیان بۆ سەر ئیسرائیل سنووردار دەبێت و بۆ بەرگریكردنە لە خۆیان، هاوكات پێش 72 سعات لە هێرشەكە ئێران وڵاتانی ناوچەكەی ئاگەدار كردبووەوە.

عەبدوڵاهیان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵوێزانی بیانی لە تاران روونی كردەوە، لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل زۆر ورد بووین و شوێنی هەڵفڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلمان كردە ئامانج، ئێمە لە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانمان یان وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی نوێ دوودڵ نابین، نامانەوێ هێرش بكەینە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەڵام ئەگەر لەوێوە هێرشمان كرایە سەر، ئێمەش وەڵام دەدەینەوە.

لەوكاتەی ئیسرائیل دەڵێت كە وەڵامی هێرشەكەی شەوی رابردووی ئێران دەدەنەوە، جۆن كێربی، گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی سپی رای گەیاند كە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكەی ئێران، دەستكەوتێكی گەورەی سەربازی بوو بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی، دەری خست كە ئیسرائیل لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دانەبڕاوە، ئێستەش بابەتی وەڵامدانەوە پێوەستە بە ئیسرائیلییەكان و رێز لەوە دەگرین لێی تێدەگەین، بەڵام نامانەوێ دۆخەكە زیاتر پەرە بستێنێت و شەڕ لەگەڵ ئێران فرەوانتر بێت.  

وەك ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، جۆ بایدن، بە نەتنیاهۆی راگەیاندووە كە بەرهەڵستی لە هەر هێرشێكی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكات و پێویستە بەو سەركەوتنە رازی بن، لەوكاتەی شرۆڤەكارانی پێیان وایە رەنگە نەتنیاهۆ لە رووی سیاسییەوە سوود لە هێرشەكەی ئێران وەربگرێت، بۆ هەندێك دەستكەوتی سیاسی و هەوڵدان بۆ یەكخستنی شەقامی ئیسرائیلی و مانەوەی لە دەسەڵات.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل