ئیسرائیل چۆن وەڵامی ئێران دەداتەوە؟

:: PM:08:37:14/04/2024 ‌

شەوی رابردوو ئێران بە نزیكەی 300 درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەكی كرووز و بالیستی هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ئەگەرچی هێرشەكە زیانێكی ئەوتۆی نەبووە و 99%ی مووشەك و درۆنەكان بەر لە گەیشتنیان تەقێنراوەنەتەوە، ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات، بەڵام سیناریۆكانی تۆڵەكردنەوەی چین؟

ماڵپەڕی "والا"ی ئیسرائیلی باسی ئەوە دەكات كە دەستەی ئەركانی سوپای ئیسرائیل تاوتوێی چەند بژارەیەك وەك وەڵامدانەوەی هێرشەكەی شەوی رابردووی ئێران دەكات، لەوانە كردنەئامانجی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی ئێران لە رێگەی هێرشی ورد لە رووی كات و لێكەوتەكانییەوە، هەروەها كردنەئامانجی كەشتییەكانی ئێران یان هێرشكردنە سەر چەند ئامانجێكی شێوەیی لەناو خاكی ئێران، وەك دامەزراوە حكوومەتی و نەتییەكان، ئەوە لەپاڵ كردنەئامانجی بنكەكانی سوپای پاسداران.

بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەرپرسانی ئەمەریكا لە وەڵامدانەوەیەكی خێرا و بێ گوێدانە لێكەوتەكانی لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە هاوشێوەی شەڕی غەزە و هێرشەكەی دیمەشق، نیگەرانن.

لای خۆیەوە دوای هێرشەكەی دوێنێ، دیپلۆماتكارێكی توركی ئاشكرای كرد كە ئێران پێشوەختە و لە رێگەی توركیاوە لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوو ئەمەریكای ئاگەدار كردووەتەوە، بۆیە ئیسرائیل ئاگەداری كاتی هێرشەكە بووە، بەر لە هێرشەكەش وڵاتانی ناوچەكە، واتە ئیسرائیل و لبنان و ئوردن، ئاسمانی خۆیان داخست، لایەنی ئەمەریكاش لە رێگەی توركیا بە ئێرانی راگەیاندووە كە دەبێت هێرشەكە دیاریكراو و سنووردار بێت، ئێرانیش بە ئەمەریكای گوتووە كە هێرشەكەی تەنیا وەڵامدانەوەی هێرشی سەر باڵوێزگەكەیەتی و لەوە تێپەڕ ناكات.

ئەمڕۆ یەكشەم هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی بە حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان هاوتا ئێرانییەكەی راگەیاندووە كە وڵاتەكەی نایەوێ دوای هێرشەكەی سەر ئیسرائیل دۆخی ناوچەكە زیاتر پەرە بستێنێت، ئەویش وەڵامی داوەتەوە كە تۆڵەكردنەوەی ئێران كۆتایی هات و ئەگەر هێرشمان نەكرێتە سەر هێرشی تر ئەنجام نادەین.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل