پەرلەمانتارێكی كریستیان: كاردینال ساكۆ بە هەوڵی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گەڕایەوە بەغدا

:: PM:09:33:14/04/2024 ‌


ئەندامێكی پێشووی كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە دەكات كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی سەرەكی لە گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ، پاتریاركی كلدان لە عێراق و دنیا بۆ بەغدا هەبوو، چونكە ئەو لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی عێراق لەسەر خەت بوو تا گەڕایەوە بۆ شوێنی خۆی.

وەحیدە یاقۆ هورمز، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی كریستیان بە "وشە"ی گوت، بۆ گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ بەغدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە پێوەندیدا بوو، ئەو رۆڵی گەورەی لە گەڕانەوەی بۆ بەغدا و وەرگرتنەوەی كورسیی پاتریاركی هەبوو، بۆیە سەرۆكی حكوومەت رێگەی بۆ گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ بەغدا خۆش كرد.

زیاتر گوتی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەك لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بگرە لەگەڵ وڵاتانی دنیاش لە هەوڵدا بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ شوێنی خۆی لە بەغدا، چونكە شوێنی سەرەكیی ئەو لەوێیە و گەڕانەوەی كارێكی باش بوو، هەرچەندە متمانەمان بە بەغدا نییە كە جارێكی تر وەك هەرێمی كوردستان رێز لە كریستیانەكان بگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە، بەڵام گەڕانەوەی كاردینال ساكۆ بۆ بەغدا تەنیا لە رووەكانی سیاسی و مەعنەوەییەوە بۆ كریتسیانەكان باشە.

وشە/ بڵند ئیبراهیم

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل