لەبارەی پێدانی سیستمی دژە مووشەك بە پێشمەرگە ئەمەریكا دڵنیایی دا

:: AM:12:04:15/04/2024 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی دابینكردنی سیستمی دژە مووشەك بۆ هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ دڵنیابوون لەوەی كە حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە توانای پێویستیان هەبێت. 

ئەمڕۆ یەكشەم، 14ی نیسانی 2024، لە دیمانەیەكی بڵاوكراوەی تەلەفزیۆنیدا كە لە 10ی نیسان تۆمار كراوە، پات رایدەر گوتەبێژی پنتاگۆن بە "رووداو"ی راگەیاند، پێشمەرگە بەردەوام بەشێكی جیانەكراوەی هەوڵەكانی تێكشاندنی داعش بووە، ئازایەتی و توانای هێزەكانی پێشمەرگە بەباشی دیارە. 

لەبارەی دابینكردنی سیستمی دژەمووشەك و بەرگرییەوە، ئەم بەرپرسەی پنتاگۆن ئاماژەی دا، ئێمە بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ دڵنیابوون لەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە توانای پێویستیان هەبێت. 

پات رایدەر دووپاتی كردەوە، لە بودجەی ساڵی 2025دا ئەو پارەی كە بۆ پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق زیاد كراوە بریتییە لە 138 ملیۆن دۆلار و بڕی 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان كراوە و 58 ملیۆنیش بۆ راهێنان و پڕچەككردنی پێشمەرگەیە، كە ئەم پارەیەیش ئەگەر كۆنگرێس دابینی بكات یارمەتی هاوكاریكردنی دوو لیوای نوێ و تاوەری چاودێریكردنی زیاتر دەدات و هەروەها دەبنە هۆی بەهێزكردنی پێگەی كورد و بەدیهێنانی سەقامگیری ئاسایش لە ناوچەكەدا.


وشە - پۆڵا مەحموود