كونسوڵگەی چین چەندان خولی ڕاهێنان بۆ وەزارەتە پێوەندیدارەكان دەكاتەوە

:: AM:10:52:15/04/2024 ‌
بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارەیەك  فەرمانبەر بەشداریی چەندان سیمینار لە چین دەكەن.   

هوشیار محەمەد مستەفا نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە بەشدارە لە راهێنانەكان، بۆ "وشە" گوتی، بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرهەمی هاوردە لە گومرگ و خاڵە سنوورییەكانی كوردستان و بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، حكوومەتی چین چەندان سیمینار و خولی ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەكاتەوە. 

ئەوەشی گوت، كونسوڵگەی چین لە شاری هەولێر كۆمەڵێك سیمینار و خولی ڕاهێنان لە چەند بوارێكی جیاواز بۆ فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستە و لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی چین بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، كونسوڵگەی چین گرووپێك لە فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی وڵاتەكەی كرد. 

بەپێی گوتەی مستەفا، ئەم راهێنان و سیمینارانە بەسەرپەرشتی پەیمانگەی جیانگسوە بۆ پشكنین و كەرەنتینە و كوالێتی بەرهەمەكان بەڕێوە دەچێت.          

ئاماژەی بەوەش كرد كە لە میانەی ئەو سیمینار و ڕاهێنانە، ڕاهێنراوان سوود لە ئەزموونی چین وەردەگرن لە بواری بە سیستم و دیجیتاڵیكردنی گومرگی و كۆنترۆڵكردنی بەرهەمە هاوردەییەكان، پرۆسەی چۆنیەتیی كەرەنتینی بەرهەمە خۆراكییەكان و ئەنجامدانی پشكنینی جۆری و دڵنیابوونەوە لەو بەرهەمانەی كە دێنە خاكی هەرێمی كوردستان، بەشێكی گرنگی ڕاهێنانەكانە.    

دواتریش گوتی، ئەم سیمینار و خولانە زیاتر لە ١٣ ڕۆژ دەخایەنن و چەندان مامۆستای زانكۆ و كەسایەتیی سەربازیی سەربە گومرگی حكوومەتی چین، ڕاهێنان و وانەی تیۆری و كرداری دەڵێنەوە، هەر لەم سیمینار و ڕاهێنانەدا كۆمەڵێك بابەتی گرنگ دەخرێنە ڕوو تایبەت بە گەشەی بەرهەمە ناوخۆییەكان (GDP)، پرۆسەی گەشەی ئابووری ناوخۆیی و  هۆكارەكانی زیادبوونی دەرفەتی كار و پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆییەكان، ئاستی دەستی كار لە ناوخۆیی كوردستان بەرز دەكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد