باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق: دەمانەوێت هاوبەشییەكی گشتگیر بنیات بنێین

:: PM:06:27:15/04/2024 ‌

وەك ئەوەی هاتە راگەیاندن، ئێستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكایە و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ چاوی بە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەو وڵاتە بكەوێت، باڵوێزی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە چاومان لە كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداری نێوان سوودانی و سەرۆك بایدنە.

ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە تویتێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، وەك باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق خۆشحاڵم دەچمە پاڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیارنی عێراق لە سەردانەكەی بۆ واشنتن، دووپاتی كردەوە كە ئەوان چاویان لە كۆبوونەوەیەكی بە بەرهەمی سوودانییە لەگەڵ سەرۆك بایدن، بە مەبەستی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات، ئاماژەی بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی گشتگیر و سەرانسەریی ئەمەریكا و عێراق كرد.  

لای خۆیەوە لە كۆنگرەیەكی هاوبەشی رۆژنامەوانی لە نێوان ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، بلینكن گوتی، سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و پەرەپێدانی، ئێمە خۆشحاڵین بە پێشوازیكردن لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی هاوەڵی لە واشنتن. 

دووپاتی كردەوە، كەرتی وەبەرهێنان لە ئەمەریكا گرنگی بە عێراق دەدات، مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە كە سەركەوتنی عێراق لە دۆسییەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و وزە دەبینین.

لای خۆیەوە محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق دووپاتی كردەوە كە سوودانی سەرنجی خستووەتە سەر بابەتی چاكسازیی ئابووری و دروستكردنی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دنیا، هیوامان وایە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بگەین بە ئەنجامی باش، ئێمە سەرنجمان خستووەتە سەر كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان و وزە، جیا لە وەبەرهێنان لە كەرتی غازدا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل