بایدن و سوودانی لە واشنتن كۆ بوونەوە

:: PM:07:44:15/04/2024 ‌

دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمیی چەند رۆژە گەیشتە ئەمەریكا، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە و چاوەڕوان دەكرێت باسی چەند پرسێكی گرنگی هاوبەش و پێوەست بە ناوچەكە بكەن، لەوانە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی و بەهێزكردنی هاوبەشیی ئابووری و بازرگانیی هەردوولا.

سەرۆكی ئەمەریكا لە میانی دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی لە واشنتن دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوبەشەكانی لە ناوچەكە لەوانەش عێراق، هاوكات ئەمەریكا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و گەیشتن بە ئاگربەستێك لە غەزە كە بارمتەكان بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان و رێگری لە فرەوانبوونی بازنەی ململانێكان بكرێت، دووپاتی كردەوە كە عێراق و ئەمەریكا بە هاوشانی كار بۆ سەركەوتن بەسەر داعش دەكەن.  

لای خۆیەوە سوودانی رای گەیاند كە كار بۆ ئەوە دەكەن پێوەندیی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا بۆ هاوبەشییەكی تەواو بگۆڕن، دووپاتی لەوەش كردەوە كە پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق گەیشتوونەتە ئاستێكی گرنگ و تاوتوێی هاوبەشی دەكەین، سەردانەكەمان بۆ ئەمەریكا لە كاتێكی هەستیاردا دێت و گرنگیی پێوەندییەكانی هەردوولا دەردەخات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل