لویس ساكۆ: كریستیانەكان لە كوردستان بە ئاسوودەیی دەژین

:: PM:11:26:15/04/2024 ‌

پاتریاركی كڵێسای كڵدانی لە عێراق و دنیا دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا ئاماژە دەكات كە كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان بە ئاسوودەیی دەژین و هیچ گوشارێكیان لەسەر نییە، دووپاتی كردەوە كە هەر لە سەرەتاوە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازییان لێی كردووە.

كاردینال لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵێسای كلدانی لە عێراق و دنیا بە كوردستان24ی گوت، كریستیانەكان لە كوردستان بە ئاسوودەیی دەژین و هیچ گوشارێكیان لەسەر نییە، لە كوردستان سیستمێكی سیكۆلار جێبەجێ دەكرێت، هاووڵاتییانی كوردستان كریستیان یان موسڵمان یان هەر شتێكی تر بن گرنگ نییە، پێویستە دەوڵەت هەموو لایەك بە یەكسانی لە ئامێز بگرێت. 

پەتریاركی كڵێسای كڵدانی ئاماژە دەكات كە هەر لە سەرەتاوە بەڕێز مەسعوود بارزانی پێشوازیی لێ كردم و رای گەیاند كە كشاندنەوەی فەرمانە كۆمارییەكە شتێكی ناماقوڵییە، هاوكات سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانیش واتە هەر سێیان زۆر پاڵپشتییان كردین، قسەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار كرد، بەڵام وا دیار بوو ئەو لەسەر بڕیارەكەی خۆی سوورە.

ئاشكرای كرد كە سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی داوای لێ كردووە بگەڕێتەوە بەغدا و گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كریستیانەكان لەگەڵ بكات، ئاماژەی كرد، هیچ پێوەندییەكم لەگەڵ سەركۆمار نەبووە و ئەو لەژێر كاریگەریی لایەنێكی دیاریكراودایە، ئاشكرای كرد، لە ماوەی شەش مانگدا سێ نامەم بۆی نووسیوە، بەڵام وەڵامی نەداومەتەوە، ئەوەش بێڕێزییە، چونكە ئەو سەرۆك كۆمارە و منیش سەرۆكی كڵێسەم و پێگە و رۆڵم هەیە.

"نامەوێ پرسەكە بگەیەنمە دەرەوە وەك رێزیك بۆ عێراق، چونكە خۆم عێراقیم و پابەندی وڵاتەكەی خۆمم، بەڵام ئەگەر حكوومەتی عێراق بە جۆرێكی تر مامەڵە بكات، منیش ناچارم بچمە دادگای نێودەوڵەتی، لە كۆتاییشدا دەبێ ئەوان بەرپرسیاریەتی وەربگرن ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكەن، كە هیوادارم ئەمە روونەدات"، لویس ساكۆ وا دەڵێت.

دوێنێ وەحیدە یاقۆ هورمز، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی كریستیان بە "وشە"ی گوت، بۆ گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ بەغدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە پێوەندیدا بوو، ئەو رۆڵی گەورەی لە گەڕانەوەی بۆ بەغدا و وەرگرتنەوەی كورسیی پاتریاركی هەبوو، بۆیە سەرۆكی حكوومەت رێگەی بۆ گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ بەغدا خۆش كرد.

زیاتر گوتی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەك لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بگرە لەگەڵ وڵاتانی دنیاش لە هەوڵدا بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەڕانەوەی كاردینال لویس ساكۆ بۆ شوێنی خۆی لە بەغدا، چونكە شوێنی سەرەكیی ئەو لەوێیە و گەڕانەوەی كارێكی باش بوو، هەرچەندە متمانەمان بە بەغدا نییە كە جارێكی تر وەك هەرێمی كوردستان رێز لە كریستیانەكان بگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە، بەڵام گەڕانەوەی كاردینال ساكۆ بۆ بەغدا تەنیا لە رووەكانی سیاسی و مەعنەوەییەوە بۆ كریتسیانەكان باشە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل