داوایەك لە بەڵێندەران و كۆمپانیاكان دەكرێ‌

:: AM:09:00:16/04/2024 ‌
لەڕێی نووسراوێكی فەرمی، داوا لە كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان دەكرێ‌ لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا زانیاریی پێویست لەبارەی پڕۆژەكان بۆیان بنێرن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، رەئووف محەمەدئەمین بەڵێندەر، بە "وشە"ـی راگەیاند، زۆرترین پڕۆژە لە سنووری سلێمانی وەستاون، ئەوەیش بەهۆی كێشەكانی رابردووی بانك لەو سنوورە.

زیاتر گوتی، بەپێی نووسراوێك ئاگادار كراینەوە سەرجەم ئەو بەڵێندەر و كۆمپانیایانەی لە ساڵانی رابردوو كاریان وەستاوە، لە ماوەی سێ‌ ڕۆژ زانیاری لەبارەی پڕۆژەكانیان پێشكەش بكەن.

ئاماژەی بەوەیش كرد، لەو نووسراوەی بۆمان هاتووە، داوا لە سەرجەم خاوەن كۆمپانیاكان و بەڵێندەران دەكەن كە لە ماوەی سێ ڕۆژدا، زانیاریی تەواو لەسەر پڕۆژە وەستاوەكانیان بۆمان بنێرن، وەك لە ناوەڕۆكی جۆری پڕۆژەكە و ڕێژەی تەواوبوونی زانیاری پێشكەش بكەن كە پترۆ دۆلارە، وەبەرهێنانە یان پەرەپێدانی پارێزگاكانە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، چەندان پڕۆژە وەستاون، ئیستە هەوڵێك هەیە كە ئەو پڕۆژانە پارەیان بۆ دابین بكرێتەوە بەپێی جۆری پڕۆژە و ڕێژەی تەواوبوونیان تا دەست بەكار بكرێتەوە.


وشە - رامیار جەواد